هەرێم نیوز
سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پاکستان وەرچەرخانێکی نوێ لە ململانێی نێوان تاران و واشنتن دروست دەکات، سەرەڕای ئەوەی باس لەوە دەکرێت پرسی ئەتۆمی تاوتوێ ناکات، بەڵام وەڵامێکی گشتگیر دەداتە ئەمریکییەکان.
کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ نێوەندگیرە سەرەکییەکە:
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی لەگەڵ (عاسم مونیر) سوپاسالاری پاکستان کۆبووەوە. مونیر کە ڕۆڵی نێوەندگیری سەرەکی لە نێوان واشنتن و تاران دەگێڕێت، ئەرکی گەیاندنی وەڵامە کۆتاییەکانی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان هەردوولا لە ئەستۆ گرتووە.
بەرنامەی ئەتۆمی؛ هێڵە سوورەکەی تاران:
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: "وەزیری دەرەوە هیچ ئەرکێکی سەبارەت بە دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پێنەسپێردراوە." جەختیشی کردەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی هێڵی سووری سەرەکی ئێرانە و لەم سەردانەدا گفتوگۆی لەسەر ناکرێت.
وەڵامی گشتگیر بۆ پێشنیازەکان:
تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ئاشکرای کرد کە عێراقچی وەڵامێکی تێر و تەسەلی بۆ سەرجەم ئەو پێشنیازانە پێیە کە پێشتر عاسم مونیر لە سەردانەکەیدا بۆ تاران گەیاندبوویە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی. ئەم وەڵامە وەک "کۆتا هەڵوێستی تاران" بەرامبەر داواکارییەکانی ئەمریکا دەبینرێت.
نێردەکانی ترەمپ لە چاوەڕوانیدان:
هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانەدا، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هەریەکە لە (جارید کۆشنەر) و (ستیڤ ویتکۆف) نێردەکانی دۆناڵد ترەمپ، لە ئێستادا لە ئیسلامئابادن. ئامانجی سەرەکییان وەرگرتنی پێشنیازە کۆتاییەکانی ئێرانە لە ڕێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەکان بدەن.