هەرێم نیوز
سەرچاوە میدیاییەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنن، کە بەهۆی سەرهەڵدانەوەی قەیرانی گەرووی هورمز و کێشەی یۆرانیۆمی پیتێندراوەوە، دۆخەکە گەیشتووەتە خاڵێکی مەترسیدار و ئەگەری زۆرە جەنگی ئەمریکا و ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست پێ بکاتەوە، هاوکات فەرماندەی فەیلەقی قودسیش بەپەلە گەیشتووەتە بەغدا.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی 4ـی 2026، سەرچاوە میدیاییەکانی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی واشنتنەوە بڵاویانکردەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەیانیی ئەمڕۆ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی ڕێکخستووە و تێیدا باسی لە سەرهەڵدانەوەی قەیرانەکانی گەرووی هورمز و پرسی دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی ناکۆکییەکانی هەردوولا لەسەر پرسی پیتاندن و یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران ئاڵۆزتر بووە، قەیرانەکە پەرەی سەندووە و دۆخەکە گەیشتووەتە خاڵێکی مەترسیدار. سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کە پێشبینی دەکرێت ئاگربەستە کاتییەکە سێ ڕۆژی دیکە کۆتایی پێ بێت و تاوەکوو ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نوێی نێوان دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران دیاری نەکراوە، بۆیە ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک بەدەست نەهێنرێت، ئەوا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەڕ هەڵدەگیرسێتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، سەرچاوە باڵاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە ئامادەکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانە چەکدارییەکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا، و سوپای ئیسرائیلیش خۆی بۆ قۆناغێکی نوێی جەنگ ئامادە دەکات کە ڕەنگە هاوشانی ئەمریکا دەستی پێ بکات.
لە گەرمەی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانەدا، سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند، کە شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ئەمڕۆ شەممە گەیشتوونەتە شاری بەغدای پایتەختی عێراق.
ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی قائانی، ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەپەلەیە لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە لە تارانەوە نزیکن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغی داهاتووی ململانێکان لە ناوچەکەدا لێک دەدرێتەوە.