هەرێم نیوز
هێزی دەریایی ئێران بە فەرمی داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمزی ڕاگەیاندەوە و تەقە لە چەند کەشتییەک کرا، ئەوەش دوای ئەوەی تاران واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی پابەندی ڕێککەوتنەکانی ناو دانوستانەکان نەبووە.
ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) لە زاری سەرچاوە کەشتیوانییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە چەندین کەشتیی بازرگانی هەوڵی پەڕینەوەیان داوە، بەڵام لەلایەن بەلەمە جەنگییەکانی ئێرانەوە لە نێوان دوورگەکانی (قیشم و لارک) تەقەیان لێکراوە و ناچار بە گەڕانەوە کراون.
هێزی دەریایی ئێران لە ڕێگەی پەیامی بێتەلەوە سەرجەم کەشتیوانانی ئاگادار کردووەتەوە کە گەرووەکە داخراوە. لە پەیامەکەدا هاتووە: "بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئەمریکا پابەند نەبوو بە بەڵێنەکانی لە دانوستانەکاندا، ئێران داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت. ڕێگە بە هیچ کەشتییەک لە هەر جۆر و ڕەگەزێک بێت نادرێت تێپەڕێت."
ئۆپراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە دوو بەلەمی چەکداری سەر بە سوپای پاسداران لە نزیک کەناراوەکانی عومان لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر نزیک بوونەتەوە و تەقەیان لێکردووە، بەڵام کاپتن و ستافی کەشتییەکە سەلامەتن. هەروەها ڕاپۆرتی تەقەکردن لە کەشتییەکی بارهەڵگری دیکەش بڵاوکراوەتەوە.
لە ئێستادا سەدان کەشتی و نزیکەی ٢٠ هەزار دەریاوان لە ناو ئاوەکانی کەنداودا گیریان خواردووە و ناتوانن لە گەرووی هورمز بپەڕنەوە. ئەم کێشەیە مەترسییەکی گەورە لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی دروست دەکات، چونکە نزیکەی ٢٠٪ی نەوت و غازی جیهان بەو گەرووەدا تێپەڕ دەبێت.
داخستنەوەی گەرووی هورمز نیشانەی شکستخواردنی دانوستانە نهێنی یان ڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتنە، ئەمەش ناوچەکە دەخاتە بەردەم ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی مەترسیدار.