هەرێم نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانیان، ماوەی مانەوەی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی هەرێم کە لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، تاوەکوو مانگی داهاتوو درێژ کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی 4ـی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لەپێناو پاراستنی گیانی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخوێنن، بە بڕیاری د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیار درا بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەیان لە هەرێم.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بڕیارەکانی وەزارەت ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
١- درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان لە بەرواری (15ـی 4ـی 2026) تاکوو (1ـی 5ـی 2026).
٢- لە دوای ئەم بەروارەوە، وەزارەت جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و بڕیار و ڕێنماییی گونجاو دەردەکات.
٣- ئەم ماوەیەی کە بەهۆی بڕیارەکەوە لە هەرێم دەمێننەوە، بە ماوەی مانەوە (ئیقامە) بۆ خوێندکاران و قوتابیان هەژمار دەکرێت.