هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە ئەمە دووەم جارە هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و جەختیش لە بێلایەنیی هەرێم لە ململانێکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی 4ـی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە و ڕایانگەیاندووە، "بەشێک نەبووین لە هیچ شەڕ و ململانێیەک." ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر سایەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدایە.
ئەم پەیامەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە دێت کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، هێرشی درۆنی کرایە سەر پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، کە بووەتە هۆی تێکدانی بارودۆخی تەناهی و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی ناوچەکە.
هەرێمی کوردستان داوا دەکات خاکی هەرێم نەکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی کێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان.