دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی: ئەنفال تەنها لەبەر کوردبوون بوو، نابێت فەرامۆش بکرێت

هەرێم نیوز

بارزانی لە یادی ٣٨ ساڵەی کارەساتی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەنفال برینێکی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵکی کوردستان و پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەو جینۆسایدە بکاتەوە.

بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنفال یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی "سیستەماتیک و ئامانجدار" دژی گەلی کوردستان ئەنجامدرا، کە تێیدا ١٨٢ هەزار هاووڵاتی بێتاوان تەنیا لەبەر کوردبوونیان شەهید و بێسەروشوێن کران.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "ئەنفال زوڵمێکی زۆر گەورە بوو، لە هەمان کاتدا وانەیەکی گرنگە بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو کە نابێت لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا فەرامۆش بکرێت." هەروەها جەختی کردوەتەوە کە دەبێت ئەم تاوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بناسرێت.

بارزانی داوای کرد کە لە ئاستی عێراقدا "دڵنیایی هەبێت کە ئەم تاوانانە هەرگیز دووبارە نابنەوە" و ڕایگەیاند: "ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بکاتەوە کە لە دژی میللەتەکەمان ئەنجامدراوە."

بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا سڵاوی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی کوردستان نارد و هاوسۆزیی خۆی بۆ خێزان و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دووپات کردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP