دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: دەستکەوتەکانمان خێر نین و بەرهەمی خوێنی شەهیدانن.

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت دەکاتەوە، کە دەستکەوتەکانی ئێستای هەرێم بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و داواش لە بەغدا دەکات بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی بەرامبەر کەسوکاری قوربانییان جێبەجێ بکات.

یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکان:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جینۆساید بوون کە ڕژێمی پێشووی عێراق دژی گەلی کوردستان ئەنجامی دا، کە بووە هۆی شەهیدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوان و خاپوورکردنی هەزاران گوند."

دەستکەوتەکانمان بە ئاسانی نەهاتوون:
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئەم جینۆسایدانە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانی داهاتوو بزانن کە "ئەم دەستکەوتانەی ئێستا هەن، بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەس خێری پێ نەکردووین، بەڵکو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە."

بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و دەستووریی بەغدا:
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و وتی: "پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان بکاتەوە."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نارد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP