هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە لەلایەن ئێرانەوە پەیوەندییان پێوە کراوە و خوازیارن بە خێرایی بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام هۆشداریش دەدات کە ڕێگە نادات تاران جیهان "بڕووتێنێتەوە" یان ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی 4ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا لەبەردەم کۆشکی سپی ڕایگەیاند، کە "ئەم بەیانییە لەلایەن کەسانی گونجاو و پەیوەندیدارەوە پەیوەندیمان پێوە کراوە، و ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتنێک بکەن." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئێرانییەکان زۆر بە توندی دەیانەوێت بگەنە ئەنجام و کۆتایی بە ململانێکان بهێنن.
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی تاران و ڕوونیکردەوە: "ناکرێت ڕێگە بدەین وڵاتێک جیهان بدۆشێت یان هەڕەشەیان لێ بکات، ئەوەی ئەوان دەیکەن ڕێک ڕووتاندنەوەی جیهانە و ئێمە ڕێگە نادەین ئەوە بەردەوام بێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ جارێکی دیکە هێڵە سوورەکانی ئەمریکای دووپات کردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. سەبارەت بە چارەنووسی ماددە ئەتۆمییەکانیش ڕایگەیاند: "ئێمە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە وەردەگرینەوە؛ یان ئەوان دەیدەنەوە بە ئێمە، یان خۆمان دەستبەسەریدا دەگرین."
پێشتریش هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروث سۆشیاڵ) ئاشکرای کردبوو، کە دوێنێ یەکشەممە، 34 کەشتی توانیویانە بە سەلامەتی بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن. ترەمپ ئەم ژمارەیەی وەک پێشوەچوونێکی گەورە لە قۆناغی گەمارۆکەدا وەسف کرد و پرۆسەی داخستنی گەرووەکەی لەلایەن ئێرانەوە بە "داخستنێکی گەمژانە" ناوبرد.