دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سێنتکۆم: دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕین و ڕێڕەوێکی ئارام دروست دەکەن

هەرێم نیوز

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایدەگەیەنێت، کە هێزەکانیان دەستیان بە ئەرکی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکان کردووە، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە دوو کەشتیی جەنگیی وڵاتەکەی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون.

ئەمڕۆ شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە هەردوو کەشتیی تێکشکێنەری جەنگیی (یو ئێس ئێس فرانک ئەی پیتەرسۆن) و (یو ئێس ئێس مایکڵ مێرفی)ی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا، لە گەرووی هورمز پەڕیونەتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تێپەڕبوونی ئەم کەشتییانە لە چوارچێوەی ئەرکێکی فراوانتردایە، بۆ زامنکردنی پاککردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز لەو مینە دەریاییانەی کە پێشتر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە چێنرابوون.

لە لایەکی دیکەوە، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندە لە هێزی دەریایی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ئەمڕۆ دەستیان بە دروستکردنی ڕێڕەوێکی نوێ کردووە، و بەم زووانە ئەو ڕێگە پارێزراوە لەگەڵ کەرتی گواستنەوەی دەریایی هاوبەش دەکەن، بە مەبەستی هاندانی ئازادیی جووڵەی بازرگانی لە ناوچەکەدا.

ئەدمیراڵ کوپەر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی و بازرگانیی گرنگە کە پشتیوانی لە ئابووریی ناوچەکە و جیهان دەکات. هەروەها ڕوونیکردووەتەوە، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێزی دیکەی ئەمریکا، لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێرئاو، بەشداری لە هەوڵەکانی پاککردنەوەی مینەکاندا دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP