هەرێم نیوز
دوای بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێک لەبارەی ڕەزامەندی ئەمریکا بۆ ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی تاران، کۆشکی سپی بە توندی ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هیچ سەرمایەیەکی ئێران ئازاد نەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاند، واشنتن ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانیان لە دەرەوە، ئەمەشی وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن وەسف کرد. بە وتەی سەرچاوەکە، ئازادکردنی پارەکان بەستراوەتەوە بە "تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز."
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە تۆڕی "سی بی ئێس"ی ڕاگەیاند، ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر ئازادکردنی هیچ بڕە پارەیەک نەداوە و بە هیچ جۆرێک گفتوگۆ لەسەر هیچ ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە نەکراوە.
بۆچی پارەکانی ئێران سڕکراون؟
دۆسیەی دارایی نێوان تاران و واشنتن مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام قەیرانەکە لە ساڵی 2018ـەوە تەقییەوە، کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سیاسەتی "ئەوپەڕی فشاریی" پەیڕەو کرد.
دیارترین زانیارییەکان لەسەر سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران:
• بڕی پارەکان: مەزەندە دەکرێت لە نێوان 40 بۆ 100 ملیار دۆلار بێت.
• شوێنی پارەکان: لە بانکەکانی کۆریای باشوور، عێراق، یابان و چەند وڵاتێکی ئەوروپیدایە.
• ئەزموونی پێشوو: لە ساڵی 2023دا، ئیدارەی بایدن 6 ملیار دۆلاری لە کۆریای باشوور ئازاد کرد لە بەرامبەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا، کە گواسترانەوە بۆ قەتەر تەنها بۆ مەبەستی کڕینی "خۆراک و دەرمان".
ئەم کێشمەکێشە نوێیەی نێوان تاران و واشنتن لە کاتێکدایە، کە دۆخی ناوچەکە و ئاسایشی گەرووی هورمز لە چەقی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بووەتە بابەتێکی هەستیار.