دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چووە گەڕی دووەم؛ پارتی گومانی لە نیسابی یاسایی هەیە

هەرێم نیوز
کەمێک لەمەوبەر، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بچێتە گەڕی دووەم، ئەمەش دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا هیچ کامیان لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکە بەدەستبهێنن.

ئەنجامی دەنگەکانی گەڕی یەکەم:
لە گەڕی یەکەمدا، نزار ئامێدی نزیکەی 200 دەنگی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا موسەنا ئەمین، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی 17 دەنگی بەدەستهێنا. هاوکات فوئاد حوسێن، سەرەڕای ئەوەی لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە نەبوو، دەنگی ژمارەیەک پەرلەمانتاری بەدەستهێنا.

ناکۆکی لەسەر نیسابی یاسایی:
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە کێشەی نیسابی یاسایی (ڕێژەی ئامادەبووان) هەیە. ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "ئەو ژمارەیەی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمان بڵاویکردووەتەوە کە گوایە 223 کەسن، ڕاست نییە."

دلێمی جەختی کردەوە: "خۆم لە هۆڵەکەدا بە مۆبایلەکەم پەرلەمانتارانم ژماردووە و ڤیدیۆم گرتوون، تەنها 185 پەرلەمانتار ئامادەن، نەک 223 کەس."

ئەم دانیشتنەی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی و سازان بەڕێوەدەچێت، بەو هۆیەشەوە لایەنە گەورەکانی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP