هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێرانی لە ئیسلام ئاباد ڕاگەیاند و دەڵێت: "زۆری پێناچێت تا بزانین ئێرانییەکان نیازپاکن یان نا."
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاشکرای کرد، دانوستانی نێوان هەردوو شاندی باڵای واشنتن و تاران لە پایتەختی پاکستان دەستی پێکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان چاودێری جدییەتی لایەنی ئێرانی دەکەن لەم گفتوگۆیانەدا و وتی: "دەبینین ئایا بە نیازپاکی مامەڵە دەکەن یان نا."
ناوبژیوانەکەی نێوان واشنتن و تاران:
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد ئیسحاقدار وەزیری دەرەوەی پاکستان، هیوای خواست هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بەشێوەیەکی "بنیاتنەرانە" بکەونە گفتوگۆ، تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە پێکدادان و گرژییەکان بهێنێت.
هەوڵەکان بۆ چارەسەری ڕیشەیی:
وەزیری دەرەوەی پاکستان دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئاسانکاریکردن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بە ئامانجی گەیشتن بە "چارەسەرێکی ڕیشەیی و هەمیشەیی" کە بۆ هەمیشە خاڵی کۆتایی بۆ ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دابنێت.