هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن بی سی نیوز" ڕایگەیاند کە زۆر گەشبینە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە شاندی دیپلۆماسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، خۆیان بۆ گەشتکردن بۆ پاکستان ئامادە دەکەن تاوەکو کۆتایی بەو شەڕ و ململانێیانە بهێنن کە شەش هەفتەیە بەردەوامە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکانی ئێران لە کۆبوونەوەکاندا زۆر جیاوازتر لە میدیاکان قسە دەکەن و وتی: "ئەوان لە دانوستانەکاندا زۆر لۆژیکیترن و لەگەڵ هەموو ئەو خاڵانەدا کۆکن کە پێویستە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئێران لە ئێستادا پێگەیەکی سەربازیی بەهێزی نەماوە و هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران ملی بۆ ڕێککەوتن نەدات، ڕووبەڕووی دۆخێکی زۆر "بەئازار" دەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە داوای لە بنیامین نەتانیاهو کردووە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان بڕەخسێت.
ترەمپ لە کۆتاییدا وتی: "لەگەڵ بیبی (نەتانیاهۆ) قسەم کردووە و ئەویش بڕیارە چڕیی هێرشەکان کەم بکاتەوە."