هەرێم نیوز
تۆڕی "ئێن بی سی" لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر لوبنان کەم بکاتەوە.
ئەم داوایەی ترەمپ بە مەبەستی زامنکردنی سەرکەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، هەرچەندە واشنتن و تەلئەبیب ڕایانگەیاندووە کە لوبنان ناچێتە ناو چوارچێوەی ئاگربەستەوە، بەڵام ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە کە لەم بوارەدا "هاوکاریی پێویست بکات".
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە دێت کە نەتانیاهۆ ڕۆژی چوارشەممە بە شێوەیەکی ئاشکرا بەڵێنی دابوو بەردەوام بێت لە هێرشە توندەکانی بۆ سەر لوبنان، بەڵام پێدەچێت فشارەکانی سەرۆکی ئەمریکا گۆڕانکاری لەو هەڵوێستەدا دروست کردبێت بۆ ئەوەی دەرفەت بە پڕۆسەی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران بدرێت.