هەرێم نیوز
جۆزێف کێنت، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا، شیکارییەکی نوێی لەبارەی هۆکارە نهێنییەکانی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چوونە دەرەوە لە ڕێکخراوی ناتۆ بڵاوکردەوە.
کێنت لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی، بەداخەوە چوونە دەرەوە لە ناتۆ بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێ دەرەکییەکان نییە، بەڵکو ئەمریکا ناتۆ جێدەهێڵێت تاوەکو بتوانێت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە سوریا، بە تەواوی پاڵپشتی ئیسرائیل بکات.
ئەم بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی سوریا کرد و وتی، ئەم دۆخە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا هاوکار بوو لە ڕووخاندنی حکومەتە عەلمانییەکەی سوریا و دانانی سەرکردەیەکی پێشووی قاعیدە و داعش وەک سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
ئەم لێدوانانەی کێنت لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی تونددا ڕەخنەی لە ناتۆ گرتبوو و ڕایگەیاندبوو کە ئەو ڕێکخراوە لە کاتی پێویستدا لەگەڵ ئەمریکا نەبووە، ئەمەش گومانی زیاتری لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی واشنتن و هاوپەیمانێتیی ناتۆ دروست کردووە.