دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

قالیباف: لوبنان و هاوپەیمانەکانمان بەشێکی دانەبڕاون لە ڕێککەوتنی ئاگربەست

هەرێم نیوز

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کە لوبنان و تەواوی هاوپەیمانەکانیان بەشێکی دانەبڕاون لە ڕێککەوتنی ئاگربەست، هاوکات هۆشداریی توندیش دەدات کە دەستبەجێ ئاگری جەنگەکە بکوژێنرێتەوە پێش ئەوەی دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا کە چەند خاڵێکی پێشنیازکراوی لەخۆگرتووە، وردەکاریی مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەست ئاشکرا کرد.

قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە، کە وەک خاڵی یەکەمی پێشنیازە ١٠ خاڵییەکەی تاران، "لوبنان و تەواوی میحوەری موقاوەمە (گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران)، بەشێکی دانەبڕاون لە ئاگربەستەکە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕوونیکردووەتەوە، کە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە ئاشکرا و بە ڕوونی جەختی لەسەر پرسی لوبنان کردووەتەوە، بۆیە هیچ بوارێک بۆ ئینکارکردن و پاشگەزبوونەوە لەو مەرجە نەماوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قالیباف هۆشدارییەکی توندی داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە باجی ئاشکرا و وەڵامی زۆر توندی دەبێت. هەر بۆیە داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، کە دەستبەجێ ئاگرەکە بکوژێننەوە پێش ئەوەی کات لەدەست بچێت و دۆخەکە بەتەواوی لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP