دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکێتی ئەوروپا: پێویستە حزبوڵڵا چەک بکرێت و ئیسرائیلیش سنوورێک بۆ وێرانکارییەکان دابنێت

هەرێم نیوز 

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، کە پێویستە گرووپی حزبوڵڵا چەک بکرێت، هاوکات ڕەخنەی توندیش لە ئیسرائیل دەگرێت و دەڵێت وێرانکارییەکانی تەلئەڤیڤ لە چوارچێوەی "بەرگری لە خۆ"دا نین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی لوبنان ڕایگەیاند، کە پێویستە حزبوڵڵا چەکەکانی ڕادەست بکات وەک چۆن پێشتر لەسەری ڕێککەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە حزبوڵڵا بووەتە هۆی پەلکێشکردنی لوبنان بۆ ناو ئەم جەنگە.

لە لایەکی دیکەوە، کالاس ڕەخنەی توندی ئاراستەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل کرد و جەختی کردەوە، کە "مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی، وێرانکاریی وەها گەورە و قورس ڕەوا ناکات."

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕوونیکردەوە، کە ئەو کردەوە توندوتیژانەی ئیسرائیل لە ئێستادا ئەنجامیان دەدات، ناچنە ناو پێناسەی "بەرگری لە خۆ" و داوای ڕاگرتنی ئەو ئاستە بەرزەی وێرانکارییەکانی کرد کە زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی لوبنان گەیاندووە.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە کاتێکدایە، کە دوێنێ چوارشەممە ٨ی نیسان، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، ئیسرائیل توندترین شەپۆلی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر لوبنان ئەنجام دا.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان و ڕێکخراوە مرۆییەکان، لە هێرشەکانی دوێنێدا لانی کەم ٢٥٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و ١٦٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 هێرشەکان بە شێوەیەکی چڕ ناوچەکانی بەیروت، باشوور و دۆڵی بیقاعیان گرتووەتەوە و زیانێکی زۆریشیان بە نەخۆشخانە و ژێرخانی سڤیلی ئەو وڵاتە گەیاندووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP