هەرێم نیوز
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی وەڵامی بەیاننامەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە و ڕایگەیاند، هەناردە نەکردنی نەوت پەیوەندی بە ئامادەیی هەرێمەوە نییە، بەڵکو لێکەوتەی هێرشی بەردەوامی میلیشیاکان و ئەو ئابڵۆقە داراییەیە کە بەغدا لە مانگی یەکەوە بەسەر هەرێمیدا سەپاندووە.
وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، هێرشە تێرۆریستییەکانی میلیشیا لەیاسادەرچووەکان بۆ سەر کێڵگە و پاڵاوگەکان، بووەتە هۆی وەستانی تەواوەتیی بەرهەمهێنان، بە جۆرێک ئێستا هیچ بەرهەمێکی نەوتی لە کوردستاندا نەماوە تا هەناردە بکرێت.
هاوکات دەڵێت بەغداد نەک هەر ڕێگری لەو هێرشانە ناکات، بەڵکو ئەو گروپانە لە بەغداوە مووچە و چەک وەردەگرن.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بە "ئابڵۆقەیەکی خنکێنەر" کرد کە لە ڕێگەی سیستەمی "ئەسیکۆدا"وە خراوەتە سەر بازرگانانی هەرێم و ڕێگری لە گەیشتنی دۆلار دەکرێت، ئەمەش جووڵەی بازرگانیی پەکخستووە.
وەزارەت جەختی کردەوە کە بەغدا بە ئەنقەست ڕاستییەکان دەشێوێنێت بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و دەیەوێت ئەجندای نادەستووری بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر و ناردنی تیمە پسپۆڕەکان دووپات کردەوە، بە مەبەستنی گەیشتن بە ئەنجامێکی خێرا کە هەموو عێراق لێی سوودمەند بێت و کۆتایی بەو ستەمە بهێنرێت کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.