هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە بەشداریکردنی هێزەکانیان دەکەن لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەممە 14ـی 3ـی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە کە لە چەند کەناڵ و پەیجێکی ڕاگەیاندندا هەواڵێکی ناڕاست و بێبنەما بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگە تەواوی ئەو دەنگۆ و هەواڵە چەواشەکارانەی بە توندی ڕەتکردووەتەوە و بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی کە لە ئێستادا لە ناوچەکەدا هەن، هەروەها دڵنیاییشی داوە کە پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە و نایکات.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەشیدا وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەرکی سەرەکیی هێزەکانیان تەنیا پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە، هەر بۆیەش بەردەوام دەبن و پابەندن بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراقدا لەپێناو پاراستنی ئارامی و ڕێگریکردن لە هەر ئاڵۆزییەک.