دواین هەواڵ

جیهان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای ئێران: لە هێرشێکی ئەمریکادا بۆ سەر کەشتیی "دەنا" ١٠٤ کەس کوژران

هەرێم نیوز

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سوپای ئێران، کەشتیی جەنگیی "دەنا" لە کاتی گەڕانەوەی لە مانۆڕێکی نێودەوڵەتی، لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە لە دەریای کراوەدا کراوەتە ئامانج. سوپای ئێران پشتڕاستی کردەوە کە لە کۆی ١٣٦ سەرنشینی کەشتییەکە، ١٠٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە وڵاتی سریلانکا. ئێران هێزەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی "بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" و لە دووری سەدان میل لە ناوچەی جەنگ، تەقەیان لە کەشتییەکە کردووە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێل کردووە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست. تاران چاوەڕێی گەڕانەوەی تەرمی کوژراوەکان و ٢٠ کەسی بێسەروشوێن دەکات کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا چارەنووسیان نادیارە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP