هەرێم نیوز
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، بەرپرسیارێتی نیشتمانییان بەرامبەر گەلی عێراق وا دەخوازێت کار بۆ راستکردنەوە و بەهێزکردنی رێرەوی پرۆسەی سیاسی بکەن.
مالیکی دەڵێت، بڕوای تەواویان بە عێراقێکی دیموکراسی و مەدەنی هەیە کە کراوە بێت بۆ هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا دەبێتە هۆی دروستکردنی "شۆڕشێک" لە ژێرخانی ئابووری، پەروەردە، خزمەتگوزارییەکان و کەرتی وزە لە عێراقدا.
باسی لەوەش کرد کە ناسنامەی عێراق ناسنامەیەکی نیشتمانیی پەتییە و تەنها پشت بە ئیرادەی گەلی عێراق دەبەستێت، هەروەها بڕیارە سیاسییەکانیش تەنها لە بەرژەوەندیی باڵای گەلەوە سەرچاوە دەگرن.
مالیکی رایگەیاند کە عێراق دەستی هاوکاریی بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان درێژ دەکات بە مەبەستی گەیشتن بە تەواکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی.