هەرێم نیوز
هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، پاشەکشەی خۆی لە پشتگیریکردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕاگەیاند.
سەرۆکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت، بەهۆی ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، دەبێت میکانیزمەکان بگۆڕدرێن.
بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (لیستی سوودانی)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" ئاشکرای کرد، کە پاڵپشتیکردنی پێشووی سوودانی بۆ کاندیدکردنی مالیكی تەنها بە مەبەستی کۆتاییهێنان بووە بە بنبەستی سیاسی، نەک وەک لایەنگرییەکی کەسی.
ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێستا ئەم ئاڕاستەیە ڕووبەڕووی دیوارێکی گەورەی ڕەتکردنەوە بووەتەوە، چ لە ناو لایەنە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە نیشتمانییەکان، چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. ئەمەش وای کردووە کە هاوپەیمانییەکەیان بگاتە ئەو بڕوایەی کە کاندیدکردنی مالیكی چیتر خزمەت بە چارەسەر ناکات.
سەرۆکی فراکسیۆنەکەی سوودانی جەختی کردەوە، کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی ئامراز و میکانیزمەکان هەیە بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی بەتوانا، بە جۆرێک کە دوور بێت لە بەرژەوەندیی کەسی و لایەنداری، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کشانەوەی یەکجاریی سوودانی لە بەرەی مالیكی.