هەرێم نیوز
لەمەودوا تووشبوانی شێرپەنجە دەتوانن هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەک بەبێ بەرامبەر لە نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی لە سلێمانی ئەنجام بدەن، ئەمەش پاش کردنەوەی هۆڵێکی تایبەت بە نەشتەرگەریی شێرپەنجە لەو نەخۆشخانەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ٢ی ٢٠٢٦، د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە یاوەری د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، هۆڵی نەشتەرگەریی شێرپەنجەیان لە نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی کردەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، بڕیار دراوە ڕۆژانە و بە بەردەوامی هەموو جۆرەکانی نەشتەرگەریی شێرپەنجە، بەتایبەت نەشتەرگەریی شێرپەنجەی مەمک، لەو نەخۆشخانەیە بەبێ بەرامبەر بۆ نەخۆشەکان ئەنجام بدرێت.
ئەم هەنگاوە لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی تووشبوانی شێرپەنجەیە، تاوەکو بتوانن لە کەرتی حکومیدا و بەبێ تێچووی دارایی چارەسەرە پێویستەکان و نەشتەرگەرییەکان وەربگرن.