دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

زانکۆی بێرن: لەپێکردنی گۆرەوی یارمەتیدەرە بۆ خەوێکی قوڵ

هەرێم نیوز

توێژینەوەیەکی نوێی زانستی لە سویسرا دەریدەخات کە ئامۆژگاریی بەساڵاچووان بۆ لەپێکردنی گۆرەوی لە شەواندا تەنها قسەیەک نییە، بەڵکو بنەمایەکی فیزیۆلۆژیی هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ 15 خولەک زووتر خەوی لێ بکەوێت.

توێژەرانی زانکۆی (بێرن) لە سویسرا لە توێژینەوەیەکدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی گەرمبوونی پێیەکان دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ 15 بۆ 20 خولەک زووتر خەوی لێ بکەوێت و کوالێتیی خەوەکەشی باشتر بێت. بەپێی توێژینەوەکە بۆ ئەوەی مرۆڤ بچێتە نێو قۆناغی خەوتنەوە، دەبێت پلەی گەرمیی ناوەکیی لەش نزیکەی 1 بۆ 2 پلە دابەزێت، مێشک ئەم دابەزینە وەک ئاماژەیەک بۆ "خاموشبوون" وەردەگرێت.

میکانیزمی ئەم پڕۆسەیە پەیوەندیی بە دەمارەکانەوە هەیە؛ کاتێک پێیەکان گەرم دەبن، خوێنبەرەکان دەکشێن و فراوان دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕۆیشتنی خوێن و دەرچوونی گەرمیی لەش لە ڕێگەی پێیەکانەوە، بەمەش پلەی گەرمیی ناوەکیی لەش دادەبەزێت و مێشک فەرمانی خەوتن دەدات. بەڵام ئەگەر پێیەکان سارد بن، خوێنبەرەکان گرژ دەبنەوە و گەرمییەکە لەناو لەشدا قەتیس دەبێت، کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی خەو.

ئامارەکانی توێژینەوەکە دەریدەخەن ئەو کەسانەی پێیەکانیان ساردە، بە تێکڕا نزیکەی 25 خولەک درەنگتر خەویان لێ دەکەوێت و قۆناغی خەوی قوڵیان کورتترە، چونکە جەستە لەبری پشوودان وزە بۆ گەرمکردنەوە سەرف دەکات. توێژەران پێشنیار دەکەن پێش خەوتن گۆرەوی لەپێ بکرێت یان بۆ ماوەی 20 خولەک کیسەی ئاوی گەرم بۆ پێیەکان بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی خوێنبەرەکان بکرێنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP