هەرێم نیوز
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (DW)ی ئەڵمانی ڕایگەیاند، کە ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کورد و جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەرییە لە سووریا.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چوارچێوەی چوار لیوای سەربازیدا تێکەڵ بە سوپای سووریا دەکرێن و فەرماندەیی ئەو هێزانە هەر لای هەسەدە دەمێنێتەوە، هەروەها نوێنەریان لە وەزارەتی بەرگری بە پلەی جێگری وەزیر دەبێت.
فەرماندەی گشتی هەسەدە باسی لەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە و سوودی لێ دەبینن، جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا دوو ئەرکی سەرەکی هەیە: گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی سووریا و یەکخستنی هێزە کوردییەکان بۆ پێکهێنانی مەرجەعیەتێکی گشتگیر.
مەزڵوم عەبدی ئەوەشی خستە ڕوو کە لە میانی بەشدارییان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوونەتەوە و باسیان لە پاراستنی تایبەتمەندییەکانی کورد و داهاتووی ناوچەکە کردووە.