دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: دیلەکانی داعشمان بردووەتە عێراق؛ "دەبێت ڕێککەوتنی کورد و دیمەشق جێبەجێ بکرێت"

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی سوریا و هەسەدە بە "مێژوویی" وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک ترەمپ داوای ڕاگرتنی شەڕی کردووە بۆ ئەوەی هێزەکان یەکبخەن، هاوکات نهێنیی گواستنەوەی دیلەکانی داعش بۆ عێراق ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی 2ی 2026، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە "مێژوویی" بووە. ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک ترەمپ داوای ڕاگرتنی شەڕی کردووە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ئامانجی ئەوەی بتوانن دیلەکانی داعش بگوازنەوە و هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سوریا یەکبخەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دان بە ڕاستییەکی مەترسیداردا دەنێت و دەڵێت: "زۆر گرنگ بوو گیراوانی داعش لە سوریاوە بگوازرێنەوە بۆ عێراق." جەختیشی کردەوە کە پێویستە ڕێککەوتنی نێوان دەسەڵاتدارانی سوریا و کورد جێبەجێ بکرێت هەرچەندە ئاسان نییە، هەروەها دەبێت لەگەڵ دروز و بەدەوییەکان و عەلەوییەکان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەش ڕێککەوتن بکرێت.

سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ڕوبیۆ ڕوونی کردەوە کە باسی لێدانی ئەو وڵاتە ناکات، چونکە سەرۆک ترەمپ ڕێگەی دیپلۆماسی بە باشتر دەزانێت و بڕیارە (کوشنەر و ویتکۆف) چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی ئێران ئەنجام بدەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد کە بوونیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ زامنکردنی سەرچاوەکان و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانە.

 هەروەها نیگەرانیی خۆی نیشان دا سەبارەت بە ڕاپۆرتی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر "ژەهراویکردنی ئەلێکسی ناڤالنی" و ڕاشیگەیاند، لە دانوستانەکان بۆ کڕینی "گرینلاند" پێشکەوتنی باشیان بەدەست هێناوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP