دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر دەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا زیادی کردووە

نیشانەکانی توندبوونەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە هەژموونی ئێران لە عێراقدا رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەکەون. ئەمە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامە و هاوکات واشنتۆن پەیامی راشکاوانە دەنێرێت و دەڵێت ئامادەیە "هەموو ئەو رێگا و ئامرازانەی لەبەر دەستیدایە" بەکاربهێنێت بۆ وەستاندنەوە لە دژی ئەوەی پێی دەڵێت "چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران".

جۆشوا هاریس، کاربەڕێکاری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ عەبدولحسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانی "نەهجی نیشتمانی" کۆبووەوە و پێی وت کە هەر حکومەتێکی داهاتوو لە عێراق دروست بێت، دەبێت "تەواو سەربەخۆ بێت و تەنها خەمی بەرژەوەندیی نیشتمانیی هەموو عێراقییەکانی بێت".

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی هاریس جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە "تەواوی ئامرازەکان" بەکاربهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەکانی ئێران لە عێراقدا.

سیاسییەکان ئەم قسەیەیان وەک پەیامێکی دووسەرە لێکدایەوە: یەکەم بۆ ئەو هێزانەی سەر بە تارانن، دووەم بۆ ئەو لایەنانەی خەریکی گفتوگۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت.

لە لایەکی ترەوە، نووسینگەی راگەیاندنی هاوپەیمانی "نەهجی نیشتمانی" کە بەشێکە لە "چوارچێوەی هەماهەنگی"، رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین گۆڕانکارییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کراوە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی یەکتر.

هەردوولا جەختیان کردەوە کە گرنگە کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا کەم ببنەوە.

نوری مالیکی لە ناو جەرگەی کێشەکاندا ئەم توندبوونەوەیەی ئەمریکا پەیوەندی بەو ناوانەشەوە هەیە کە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پێشنیار کراون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە پلاتفۆرمی "تروز سۆشیاڵ" نووسیبووی کە نابێت رێگە بدرێت جارێکی تر نوری مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، چونکە بە بڕوای ئەو، عێراق لە سەردەمی مالیکیدا بەرەو "هەژاری و پشێوی" رۆیشتووە.

ئەم قسانەی ترەمپ لایەنەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" تووڕە کردووە، چونکە ئەوان سوورن لەسەر کاندیدکردنی مالیکی.

هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، دەڵێت ئەوەی باس لەوە دەکات ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر عێراق ئەگەر مالیکی ببێتە سەرۆکوەزیران، "شیکردنەوەیەکی سادە و ساویلکانە" دەکات.

عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانییەکە، وتی عێراق رۆژانە نزیکەی ٤.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بەشێکی زۆری دەنێرێتە دەرەوە، بۆیە عێراق کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە هەیە و ئاسان نییە گەمارۆی بخرێتە سەر.

وتیشی سیاسەتی ئەمریکا بەپێی "بەرژەوەندی و هاوسەنگی" بەڕێوە دەچێت نەک تەنها بە دروشم. مالیکی خۆشی دەڵێت هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران "کارێکی ناوخۆیی عێراقە" و رەتیکردەوە کاندیدبوونی ئەو ببێتە هۆی سزادانی وڵات، بەڵام وتیشی ئامادەیە پاشەکشە بکات ئەگەر زۆربەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لێ بکەن.

لەنێوان سەروەری و هاوسەنگییەکاندا ئەم ململانێیە جارێکی تر عێراق دەخاتەوە ناو جەرگەی کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و ئێران. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، عێراق بووەتە شوێنی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و تاران.

ئێستا قسەکانی جۆشوا هاریس نیشانی دەدەن کە ئەمریکا دەیەوێت فشارەکان توندتر بکات، کە رەنگە بگاتە ئاستی سزای دارایی و رێگریکردن لە گواستنەوەی دۆلار، وەک ئەوەی پێشتر بەرامبەر هەندێک بانکی عێراقی کرا.

لە بەرامبەردا، هەندێک لایەنی عێراقی هەوڵ دەدەن جەخت لەسەر "بڕیاری سەربەخۆی نیشتمانی" بکەنەوە و نایانەوێت عێراق ببێتە قوربانیی ململانێی ئەمریکا و ئێران، بەتایبەت کە دۆخی ئابووریی عێراق ناسکە و هەموو ژیانی خەڵکەکە بەستراوەتەوە بە داهاتی نەوتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP