دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی و قەیرانی سووریا

نوسینى : ئەکرەم تالیب ئەلوەشاح 

وەرگێڕانى : هەرێم نیوز

 لە سەرەتای هەڵگیرسانی قەیرانی سووریاوە، دۆزی کورد تەنها دۆسێیەکی لاوەکی نەبووە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ گرێکوێرەیەکی سیاسی و ئەمنیی ناوچەیی. لە ناو جەرگەی ئەم گرێکوێرەیەدا، نێچیرڤان بارزانی وەک بەڕێوەبەری قەیرانەکە دەرکەوت نەک فەرماندەیەک، وەک ئەندازیارێکی هاوسەنگی نەک لایەنێک لە ململانێکەدا. ئەم ڕۆڵە ڕەهەندێکی ئاڵۆزتری گرتەبەر لەگەڵ دروستبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پاشان لەگەڵ گواستنەوەی سووریا بۆ قۆناغی حوکمڕانیی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، و هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان دمشق و هێزە چەکدارە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە.

لە ساڵانی سەرەتاى جەنگى سوریاوە، نێچیرڤان بارزانی دیمەنی ئەو وڵاتەى  وەک ڕێڕەوێکی گۆڕانکاریی درێژخایەن وێناکردووە نەک وەک ڕاپەڕینێکی کاتی. تێگەیشتبوو کە کورد لە سووریا خۆیان لەنێوان دوو بەرداشدا دەبیننەوە: ئەوانیش دەوڵەتی ناوەندیی لە لایەک، لە لایەکی ترەوە دەوروبەر و وڵاتانى هەرێمى ەکە کە دژی هەر قەوارەیەکی چەکداری کوردی سەربەخۆ بوون لەو وڵاتەدا. هەر بۆیە بە لۆژیکی پشتگیریی ڕەها یان دابڕانی تەواو مامەڵەی لەگەڵ پرسەکە نەکرد، بەڵکو بە لۆژیکی بەڕێوەبردنی هێواشی قەیرانەکە، کەمکردنەوەی زیانەکان، و ڕێگریگرتن لە تەقینەوەی گشتگیر مامەڵەی کرد؛ ئەمەش نەریتی هەمیشەیی ئەوە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا بە حیکمەتە سیاسییەکەی هەمیشە چارەسەرى کێشەکان دەکات.

کاتێک هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی (بێ پێچ و پەنا) پێکهاتن، وەک نموونەیەکى جیاواز مامەڵەی لەگەڵ نەکردن، بەڵکو وەک واقیعێکی مەیدانی کە شەڕی دژی داعش سەپاندبووی. پشتگیری لە شەڕی ئەوان دژی ئەو ڕێکخراوە کرد و هێڵەکانی هەماهەنگی ئەمنیی بۆ کردنەوە، لە هەمان کاتدا لەسەر پێکهاتە ئایدیۆلۆژییەکەی و پەیوەندییە بەرجەستەییەکەی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە دوورەپەرێزیی مایەوە، بەهۆی ئەو مەترسییە ستراتیژییانەی کە ئەم بۆچوونە بۆ سەر کورد لە سەرانسەری ناوچەکەدا دروستی دەکات.

ئەم واقیعبینییەی لای نێچیرڤان مایەى دوودڵی نەبوو، بەڵکو بژاردەیەکی وردبوو. نێچیرڤان بارزانی دەیزانی کە هەر هەڵچوونێکی بێسەروبەر لە دوای پڕۆژەی "هەسەدە" هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا و سەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییەکەی دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها دەشیزانی جێهێشتنی کوردانی سووریا بە تەنیا لەبەردەم (دمشق و ئەنقەرە)دا دەبێتە هۆی پانکردنەوە و لەناوبردنیان. لەنێوان ئەم دوو بەرداشەدا ئەو بەشێوازە تایبەتەکەى خۆی، ڕێگەی سێیەمی هەڵبژارد: پشتیوانی سیاسیی هێمن، نێوەندگیریی، و فشارە نەرمەکان و تەنها لەرێگەى بەڕێوەبردنى هێمنانەى وتوێژەکان.

لەگەڵ سەرکەوتنی ئەحمەد شەرع بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێی سووریا، دۆزی کورد چووە قۆناغێکی جیاوازەوە. ئیتر ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەسەدە و ڕژێمێکی گۆشەگیرکراودا نەبوو- مەبەست رژێمەکەى ئەسەدە- ، بەڵکو لەنێوان هێزێکی چەکداری کوردیی و دەوڵەتێک بوو کە بەدوای ئامانجەکانیدا دەگەڕا. لێرەدا قەیرانێکی نوێ دەستی پێکرد؛ حکومەتەکەی شەرع داوای  (تێکەڵکردنی) چەکدارەکانى هەسەدەی لەناو سوپادا کرد، لەگەڵ ڕادەستکردنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان و کۆتاییهێنان بە خۆبەڕێوەبەریی بە شێوەی ئێستای. هەسەدەش ئەمەی وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەو دەستکەوتانە دەبینی کە لە ساڵانی جەنگدا بەدەستی هێنابوو.

لەو ساتەدا، نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستێکی ڕوونتری گرتەبەر، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڵام پێداگرانە، هەر هێرشێکی سەربازیی فراوانی حکومەتی سووریای بۆ سەر ناوچە کوردییەکان ڕەتکردەوە. ئەمەی بە وتارێکی توند و لێدوانی ئاگرین ڕانەگەیاند، بەڵکو کەناڵە سیاسییەکانی بەکارهێنا و پەیامی ڕاستەوخۆی گەیاند و هۆشداریی لە ئەنجامەکان دا.

لۆژیکەکەی سادە بوو: ئەو پێى وابوو هەر چارەسەرێکی سەربازی سووریا دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر و هەر دەرفەتێک بۆ مافەکانی کورد لە ناو دەوڵەتی سووریادا لەناو دەبات. قەیرانی ئەم دواییەش گەواهیدەری دووربینی ئەوە لە ستراتیژی بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی قەیران و ململانێکاندا.

ئەم هەڵوێستە لایەنگیریی هەسەدە نەبوو دژی دمشق، بەڵکو لایەنگیری بوو بۆ بیرۆکەی چارەسەری سیاسی. بارزانی پشتگیری لە ڕێککەوتنە سەرەتاییەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا کرد سەبارەت بە تێکەڵکردنی پلەبەندی، بە گەرەنتی سیاسی و کارگێڕییەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریی دایە هەسەدە لە زیادەڕەویکردن لە گرەوکردن لەسەر پشتیوانی نێودەوڵەتی،  وەبیری هێنایەوە کە هاوپەیمانییە دەرەکییەکان دەگۆڕێن و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها جوگرافیا و دەوڵەتە؛ هەروەها هۆشداریی دا لە ستەمکردن لە کورد لەلایەن هەمووانەوە.

کاتێک پێکدادانە سنووردارەکان لە ناوچە کوردییەکان بەهۆی ناکۆکی لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە سەریان هەڵدا، نێچیرڤان بارزانی بە خێرایی جوڵا. پێشوازی لە وەفدە کوردییەکانی سووریا کرد، چاوی بە مەزڵوم عەبدی کەوت، باس لە مەترسییەکان کرا و ئەوەش پاڵنەرێکى باش بوو بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کورد پێش هەر دانوستانێک لەگەڵ دمشق. ئەو وای دەبینی کە پەرتەوازەیی کورد بەهێزترین چەکە لە دەستی هەر حکومەتێکی ناوەندیدا کە بییەوێت مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت.

لە هەمان کاتدا، ڕۆڵێکی هاوتای بەرامبەر دمشق گێڕا. پەیامەکەی ڕوون بوو: کورد لایەنی جوداخواز نین، چارەسەریش بە تانک و تۆپ و فڕۆکە نابێت. تێکەڵکردنی زۆرەملێ بەرگرییەکی درێژخایەن دروست دەکات، بەڵام تێکەڵکردنی گفتوگۆیی هاوبەشییەکی لاواز بەڵام قابیل بە بنیاتنان دروست دەکات. ئەم گوتارە کردەییەى ئەو سۆزداریی نەبوو، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی پێشووی عێراق و وانەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ بنیات نرابوو.

لە ڕووی ئیقلیمییەوە، نێچیرڤان بارزانی بەردەوام بوو لە ڕۆڵگێڕانی هاوسەنگ، دڵنیایی دایە تورکیا کە هەر چارەسەرێک لە سووریا قەوارەیەکی دوژمنکارانەی لێ نایەتە بەرهەم. جەختی کردەوە کە سەقامگیری لە باکووری سووریا خزمەت بە ئاسایشی سنوورەکان دەکات. لە هەمان کاتدا، قبوڵی نەکرد مەترسییەکانی تورکیا بکرێنە بیانوو بۆ بێبەشکردنی کوردانی سووریا لە هەر مافێکی سیاسی. ئەم هاوکێشە قورسە وایلێکرد ببێتە نێوەندگیرێکی پەسەندکراو لە بەڕێوەبردنی قەیران و سەرکردایەتیکردنی ململانێکاندا.
ئەوەی لە بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغەدا سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە بارزانی هەوڵینەدا قەیرانی هەسەدە بگۆڕێت بۆ کارتێکی فشار بۆ هەرێمی کوردستان. خۆی وەک سەرکردەی کوردانی سووریا نیشان نەدا و نموونە سیاسییەکەی خۆی وەک بەدیل نەفرۆشتەوە. تەنها بە ڕۆڵی گەرەنتیکەری ناڕەسمی بۆ ڕێڕەوی هێورکردنەوە ڕازی بوو. ئەم ڕەفتارە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی قووڵە بۆ سروشتی ساتەوەختەکە؛ چونکە زێدەڕۆیی لە ڕۆڵگێڕاندا زۆربەی جار بە تەقینەوە کۆتایی دێت.
تا ئەمڕۆ، ناتوانرێت بگوترێت قەیرانی هەسەدە لەگەڵ حکومەتەکەی شەرع چارەسەرکراوە. هێشتا دۆسێیەکان کراوەن، پاشەڕۆژی خۆبەڕێوەبەری یەکلایی نەبووەتەوە، شێوازی تێکەڵکردنی هێزەکان ڕوون نییە، و گەرەنتی دەستووری بوونی نییە. بەڵام ئەوەی دەتوانرێت بە دڵنیاییەوە بگوترێت ئەوەیە کە نێچیرڤان بارزانی ڕێگریکرد لە خلیسکانی دۆخەکە بەرەو جەنگێکی گشتگیر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕێگری کرد لە بەکارهێنانی هێز وەک بژاردەی یەکەم. سیاسەتی بە زیندوویی هێشتەوە، ئەگەر بە کەمترین ئاستیش بێت.

ئەم ڕۆڵە ئەوانە ڕازی ناکات کە بەدوای هەڵوێستی تونددا دەگەڕێن، و ئەوانەش ڕازی ناکات کە لایەنگیریی ڕوونیان دەوێت. بەڵام لەگەڵ قوتابخانەیەکی سیاسیی واقیعبینیدا دەگونجێت کە نێچیرڤان بارزانی دایڕشتووە، ئەو پێی وایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان تیایدا بەرگەی سەرکێشی ناگرن، و دەستکەوتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەمێنێتەوە نەک ئەوەی دەبریسکێتەوە؛ هەروەها پاراستنی کورد گرنگترە لە تۆمارکردنی هەڵوێستی ساتەوەختیی.

قەیرانی کورد لە سووریا ئەمڕۆ لە بەردەم دووڕیانێکدا وەستاوە: 

یان ڕێڕەوێکی گفتوگۆی درێژخایەن و بەئازار، یان گەڕانەوە بۆ لۆژیکی چەک و هەڵگیرسانەوەی جەنگ، بەڕێوەبردنی ئەم قەیرانە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، ئاماژە بۆ تەنها یەک بژاردە دەکات: ئەویش هێشتنەوەی دەرگاى گفتوگۆیە بە کراوەیی، ڕێگریکردن لە شکان و کۆتایی ئەزموونى کوردانى ئەو پارچەیە، و چاوەڕوانکردنی ساتەوەختێکی کەمتر توندوتیژ. لە ناوچەیەکدا کە ڕاهاتووە لەسەر تەقینەوە و شەڕوشۆڕ، ڕەنگە ئەمە گەورەترین دەستکەوت بێت.
ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP