هەرێم نیوز
سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە ڕۆژی چوارشەممە (١١ی شوبات) لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە پێویستە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام بن و ئەو پێی باشترە بگەنە ڕێککەوتن.
دۆناڵد ترامپ لە (تروس سۆشیاڵ)، دیدارەکەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاھۆ و نوێنەرانی دیکەی حکومەتی ئیسرائیل لە واشنتن بە "زۆر باش" وەسف کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا وتی: «هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نەدراوە، تەنها ئەوە نەبێت کە من پێداگریم کرد دەبێت دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام بن تاوەکو ڕوون بێتەوە ئایا گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکرێت یان نا."
هەروەها وتی کە بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە ئەگەر ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە بێتە ئاراوە، «ئەم بژاردەیە لەلای ئێمە پەسەندتر دەبێت». ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەگەر لەگەڵ ئێران ڕێکنەکەون، "دەبێت چاوەڕێ بین بزانین ئەنجامەکە چی دەبێت."
ترامپ جەختیکردەوە: «جاری پێشوو ئێران بڕیاری دا ڕێکنەکەوێت و لە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو"دا کرایە ئامانج، ئەوەش ئەنجامێکی باشی بۆ ئەوان نەبوو. هیوادارم ئەمجارە ژیرانەتر و بەرپرسانەتر بجوڵێنەوە".
بە گوێرەى میدیا ناوخۆییەکانی ئەمریکا، بنیامین نەتانیاھۆ بۆ حەوتەمین دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا گەشتی کردووە، تا داوا بکات لە هەر ڕێککەوتنێکدا بەرنامەی موشەکە بالیستییەکانی کۆماری ئیسلامیش جێگیر بکرێت. نەتانیاھۆ پێش گەشتەکەشی لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەم خاڵە کردبووەوە؛ خاڵێک کە حکومەتی ترامپیش لە سەرەتاوە لە پاڵ مەرجەکانی دیکەی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمییەوە لەگەڵ تاراندا باسی کردبوو.
هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گەشتێکی پێشوەختە دیاریکراوی پێشخستووە و زووتر چۆتە ئەمریکا، تاوەکو پێش دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، هەڵوێستی خۆی بۆ دۆناڵد ترامپ بەتەواوی ڕوون بکاتەوە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە نەتانیاھۆ لە دیداری کۆشکی سپیدا جەختی کردووەتەوە کە ئاسایشی وڵاتەکەی لە پێشینەی سەرەکییەتی لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "سەرۆک وەزیران پێداگری لەسەر پێداویستییە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل کردووە»، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هەردوولا ڕێککەوتوون «هەماهەنگ بن و لە پەیوەندیدا بمێننەوە."
میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە کە دیدارەکە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە. سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پاڵ جەختکردنەوە لەسەر دانوستان و ڕێککەوتن، هەموو جارێک ئەوەشی بۆ زیاد کردووە کە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، سێبەری هەڕەشەی هێرشی سەربازی بەسەر کۆماری ئیسلامییەوە دەبێت.
لەم بوارەدا، ماڵپەڕی ئاکسیۆس و کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە لە زمانی ئەوەوە نووسیویانە کە خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ ناردنی کەشتییەکی تری فڕۆکەهەڵگر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، بۆ کردەوەی سەربازی ئامادە بن. پێشتر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن و گرووپە شەڕکەرە هاوڕێکەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بوون، بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون و لە باشووری دەریای هورمز و لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنیی سێنتکۆم (فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا) جێگیر بوون.
هەروەها پشکنینەکانی ڕۆیتەرز بۆ وێنە مانگە دەستکردەکان دەری دەخەن کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا، ژمارەی فڕۆکەکان و ئامێرە سەربازییەکانی دیکە لە سەرانسەری ناوچەکەدا زیادیکردووە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی، لانی کەم لە لێدوان و بەیاننامە فەرمییەکاندا، جەختیان کردووەتەوە کە تەنها دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی گفتوگۆ دەکەن و موشەکە بالیستییەکان و بەگشتی چالاکییە موشەکییەکانی ئێران بەهۆی ئەوەی «لایەنێکی بەرگرییان هەیە»، هەرگیز نابنە بابەتی دانوستان. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، ڕۆژی چوارشەممە بۆ چەندەمین جار وتی کە چەکە موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران "بابەتی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نین و نابن".