دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

لەساڵی رابردوودا شەحمەد شەرع پێنج جار هەوڵی تیرۆرکردنى دراوە

هەرێم نیوز 

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و وەزیرانی ناوخۆ و دەرەوەى حکومەتەکەى، لە ماوەى ساڵی رابردوودا پێنج جار هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە.

ڕاپۆرتەکە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن نووسینگەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە و تیشکی خستووەتە سەر ئەو هەڕەشانەی کە چەکدارانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا دروستیان کردووە. 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ڕێکەوتی دیاریکراو یان وردەکاریی ئەم هەوڵانە نەکردووە، تەنها ئەوە نەبێت کە لە پارێزگاکانی حەلەب لە باکوور و دەرعا لە باشوور ئەنجامدراون. ڕوونیشی کردووەتەوە کە هەوڵەکان بە پلەی یەکەم شەرعیان کردووەتە ئامانج، هەروەها ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆ و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەش لەنێو هەمان پلاندا بوون.

سەبارەت بەو لایەنەی کە بە وردی ئەم هەوڵانەی جێبەجێ کردووە، ڕاپۆرتەکە دەڵێت گروپێکن بە ناوی "سەرایا ئەنسارولسوننە" و دەشڵێت: "ئەم گروپە تەنها پەردەیەکە بۆ ڕێکخراوی داعش، کە توانای نکوڵیکردنی لۆژیکیی لێپرسراوێتییەکەی پێ دەبەخشێت و نەرمییەکی زیاتری کردەیی بۆ دەڕەخسێنێت."

بەڵام ڕاپۆرتەکە پێی وایە ئەم هەوڵانەی تیرۆرکردن بەڵگەی زیاترن لەسەر ئەوەی "ڕێکخراوە توندڕەوەکە" هێشتا سوورە لەسەر تێکدانی حکومەتی نوێی سوریا و " سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکان و ناسەقامگیریی" لە سوریا وەردەگرێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە حکومەتەکەی شەرع لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا پەیوەندیی خۆی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژى داعش ڕاگەیاندووە، کە پێشتر دەستی بەسەر بەشێکی گەورەی سوریادا گرتبوو.

شارەزایانی دژە تیرۆر لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕێکخراوەکە هێشتا لە سەرانسەری وڵاتدا کار دەکات و بە پلەی یەکەم هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج، بەتایبەتی لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێکخراوەکە (سەرەڕای لەدەستدانی کۆنترۆڵی جوگرافی) هێشتا وەک هەڕەشەیەک ماوەتەوە. ئاژانسەکە لە زاری شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گواستوویەتییەوە کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی ٣٠٠٠ شەڕکەر لە نێوان عێراق و سوریادا چالاک بن، بەڵام زۆربەیان لە سوریا و بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات جێگیرن.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە بۆسەیەک کردووە کە لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا بەرۆکی هێزە ئەمریکی و سوورییەکانی گرتووە لە نزیک شاری تەدمور، کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی و مەدەنییەک، ئەمەش وای لە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کردووە لەو کاتەدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تۆڵەسەندنەوە بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ڕێکخراوەکە ئەنجام بدات.

لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە، هێزە ئەمریکییەکان دەستیان کردووە بە گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی کە تۆمەتبارن بە ئەندامێتی لە داعش لە سوریاوە بۆ عێراق، ئەمەشیان بە پاراستنی دەستبەسەرکردنیان و مسۆگەرکردنی دادگاییکردنیان پاساو هێناوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی ئەو کەمپانەیان کرد کە لەلایەن "هێزەکانی سوریای دیموکرات" (هەسەدە)ـوە بەڕێوەدەبران پێش ڕێککەوتنی دوایین ئاگربەستی نێوان هەردوولا.

پێش ئەم ڕێککەوتنە، زیاتر لە ٢٥ هەزار و ٧٥٠ کەس هێشتا لە کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ لە باکووری ڕۆژهەڵات مابوونەوە، کە زیاتر لە ٦٠٪یان منداڵ بوون، جگە لە هەزاران کەسی دیکە لە ناوەندەکانی دیکەی دەستبەسەرکردن.

لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، شەرع بۆ گرتنەدەستی سەرۆکایەتی سوریا لە قۆناغی ڕاگواستندا لە کۆبوونەوەی ئیدارەی نوێی سوریادا هەڵبژێردرا، ئەویش کارکردنی بە دەستوور هەڵوەشاندەوە و حیزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست و ئەنجومەنی گەل و سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی هەڵوەشاندەوە.

شەرع سەرکردایەتی شەڕی "ڕێگری لە دەستدرێژی" (ردع العدوان)ی کرد کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەستیپێکرد، و توانی لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بڕووخێنێت و بە چوونە ناو دیمەشقی پایتەخت کۆتایی پێ هێنا، لە کاتێکدا ئەسەد بۆ ڕووسیا هەڵات دوای ٢٤ ساڵ لە دەسەڵات، کە باوکی (حافز ئەسەد) ٢٩ ساڵی دیکە پێش ئەو لە دەسەڵاتدا بوو.

سەرچاوە: ئەسۆشێتد پرێس



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP