دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

پلانی نوێی ترەمپ بۆ غەزە: داماڵینی چەکەکانى حەماس لە بەرامبەر بنیاتنانەوە

هەرێم نیوز

بەپێی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی کە پێگەى ئەلجەزیرە بڵاویکردووەتەوە وا دیارە ئیدارەکەی ترەمپ لە ڕێگەی تیمێکی تایبەتەوە (بەسەرۆکایەتی کۆشنەر، ویتکۆف و ملادینۆف) خەریکی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی نوێیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى غەزە.

ئەم پلانە دەیەوێت هاوسەنگییەک لە نێوان "داماڵینی چەکی حەماس" و "دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوە" دروست بکات. تەوەری سەرەکی پلانە ئەمریکییەکە پلانەکە ستراتیژییەکی "قۆناغ بە قۆناغ" پەیڕەو دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی چەک لە غەزە: هێشتنەوەی چەکی سووک: لە سەرەتادا ڕێگە بە حەماس دەدرێت هەندێک چەکی سووک لای خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام دەبێت هەموو ئەو چەکانەی دەگەنە ناو خاکی ئیسرائیل (وەک مووشەک و چەکە قورسەکان) ڕادەست بکات. داماڵینی چەک بە چەند قۆناغێک: پرۆسەکە چەند مانگێک دەخایەنێت و بریتی دەبێت لە تۆمارکردنی چەکە بچووکەکان و پاشان لەکارخستنیان، هاوکات ئیدارەیەکی نوێی فەڵەستینی لەو شارەدا دروستدەکرێت. هەنگاوەکانی دوای شەڕ: دوای داماڵینی چەک، پلانەکە باس لە سێ هەنگاوی بنەڕەتی دەکات:

1. بڵاوەپێکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بە مەبەستى دروستکردنى سەقامگیریی و چاودێریکردنى دۆخەکە.

2. دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی گەورەی بنیاتنانەوە بەشێوەیەک کە گونجاوبێت لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا.

3. ڕادەستکردنی دەسەڵاتی غەزە بە لیژنەیەکی تەکنۆکرات (پسپۆڕ)ی فەڵەستینی.

بەربەستەکان و هەڵوێستی لایەنەکان سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هێشتا کۆسپ و جیاوازیی گەورە لە ئارادایە: ئیدارەکەى ترەمپ جەخت لەسەر "پلانی ٢٠ خاڵی" دەکاتەوە و دەیەوێت غەزە بە تەواوی لە چەکی قورس پاک بکرێتەوە. هەروەها ئیسرائیل ئامادە نییە هێزەکانی بکشێنێتەوە تاوەکو دڵنیا نەبێت کە حەماس و گروپەکانی تر چەکەکانیان داناوە. لە هەمان کاتیشدا بزووتنەوەى حەماس(لەسەر زاری خالید مەشعەل)ـەوە بیرۆکەی داماڵینی چەک ڕەتدەکاتەوە و بە داواکارییەکی ئیسرائیلی دەزانێت؛ لەبری ئەوە داوای "گەرهەنتی" و "ئاگربەستی درێژخایەن" دەکات.

سەرچاوەکە ئاماژەى بە گوتەى بەشێک لە شرۆڤەکاران کردووە و کە گوتوویانە بێگومان، "پلانی ٢٠ خاڵی" کە جارید کۆشنەر و تیمی ترەمپ کاری لەسەر دەکەن، تەنها ڕێککەوتنێکی سەربازی نییە، بەڵکو دەستپێشخەرییەکی فرە ڕەهەندە کە دەیەوێت سیمای کەرتی غەزە بە تەواوی بگۆڕێت. لێرەدا وردەکاری ئەو خاڵە سەرەکییانەی کە لە ناوەڕۆکی ئەم پلانەدا هەن (بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان و لێدوانەکانی دافۆس) دەخەینە ڕوو:

مەلەفی ئەمنی و سەربازیی: داماڵینی چەکی قورس: ئەمە مەرجی هەرە لەپێشە؛ دەبێت هەموو جۆرە مووشەک، تانک، و چەکە قورسانە لەناو بچن یان ڕادەستی لایەنێکی سێیەم بکرێن.

هێزی نێودەوڵەتی: بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، هێزێکی تێکەڵاو (پێکهاتوو لە وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی) جێگیر دەکرێن کە ئەرکیان پاراستنی سنوورەکان و ڕێگرییە لە دووبارە پڕچەکبوونەوەی حەماس.

کۆنترۆڵی سنوورەکان: توندکردنەوەی چاودێری لەسەر سنووری میسر (میحوەری فیڵادێلفیا) بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی چەک. حکومەتی تەکنۆکرات: دوورخستنەوەی حەماس لە دەسەڵاتی کارگێڕیی و پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕی فەڵەستینی کە سەر بە هیچ گروپێکی چەکدار نەبن. گۆڕینی سیستەمی پەروەردە: چاکسازی لە پرۆگرامەکانی خوێندندا بۆ ئەوەی هانی "پێکەوەژیان" بدەن و بیری توندڕەوی کەم بکەنەوە.

ئابووری و بنیاتنانەوە (وەبەرهێنانی گەورە) لەبەر ئەوەى لەماوەى جەنگدا کێشەیەکی گەورەى ئابووری و وێرانکارییەکی زۆر لە غەزە رویداوە. بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندنی سندوقێکی نێودەوڵەتی بە ملیارەها دۆلار (بە بەشداری وڵاتانی کەنداو و ڕۆژئاوا) بۆ دروستکردنەوەی خانوبەرە و ژێرخانە وێرانبووەکان.

غەزە وەک ناوچەیەکی گەشتیاری و بازرگانی: پلانەکە باسی گۆڕینی کەناراوەکانی غەزە دەکات بۆ ناوچەیەکی گەشتیاری هاوشێوەی "دوبەی" یان "مۆناکۆ". بەندەر و فڕۆکەخانە: دروستکردنی بەندەرێکی دەریایی (یان بەندەرێکی سەرئاوکەوتوو) و دوورگەی دەستکرد بۆ بوژانەوەی بازرگانی، بەڵام لەژێر چاودێری ئەمنیی تونددا. سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان و ئاستەنگەکان: گرێکوێرەی حەماس: حەماس دەیەوێت "سلاح المقاومة" (چەکی بەرگری) وەک هێڵێکی سوور بهێڵێتەوە. ئەوان تەنها لە حاڵەتێکدا ڕازی دەبن ئەگەر گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی هەبێت کە ئیسرائیل هێرش نەکاتەوە سەریان.

هەڵوێستی ئیسرائیل: نەتانیاهۆ و باڵی ڕاستڕەو داوای "کۆنترۆڵی ئەمنی هەمیشەیی" دەکەن، کە ئەمە لەگەڵ بوونی هێزی نێودەوڵەتی یان حکومەتێکی فەڵەستینی سەربەخۆدا ناکۆکە.

کات: ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت ئەمە بە خێرایی ئەنجام بدات بۆ ئەوەی وەک دەستکەوتێکی مێژوویی پیشانی بدات، بەڵام واقیعی سەر زەوی لە غەزە زۆر ئاڵۆزترە بتوانرێت بەخێرایی ئەو کارە گەورە پڕ لە ئاڵۆزییە ئەنجام بدرێت.

ئەنجام: ئەم پلانە هەوڵێکە بۆ کڕینەوەی "ئاسایش" بە "ئابووری" کە لە غەزە باریکردووە، واتە بە فەڵەستینییەکان دەڵێن: "چەک دابنێن، ئێمەش غەزە دەکەین بە بەهەشتێکی ئابووریی بۆتان".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP