دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

بە بەڵگەی وێنەوە: ئێران خەمی موشەکەکانیەتی نەک وێستگە ئەتۆمییەکان

هەرێم نیوز

نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا کە بە پشت بەستن بە شیکاری وێنەی مانگی دەستکرد ئامادەی کردووە، دەڵێت: ئێران توانیویەتی بە خێرایی چەندین بنکەی پەیوەست بە بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی کە لە میانی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا لەگەڵ ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتبوو، چاک بکاتەوە.

لە لایەکی ترەوە ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە ، نیشانی دەدات کە تاران لە بواری نۆژەنکردنەوەی سایتە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی کە لە هێرشەکانی هاوینی ڕابردووی ئیسرائیل و ئەمریکا زیانیان بەرکەوتبوو، سەرکەوتنێکی ئەوتۆی نەبووە و تەنها بە شێوەیەکی سنووردار چاکی کردوونەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە دەڵێت ناهاوسەنگی خێرایی نۆژەنکردنەوە لە پێگە مووشەکی و ئەتۆمییەکاندا، نیشاندەری لەپێشینەیی کاروباری سەربازییە بۆ ئێران؛ بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی بەهێزکردنی بوونی سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئەگەری پێکدادانی سەربازی لەگەڵ تاران.

ئەو شارەزایانەی کە لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە شیکارییەدا هاوکاری نیویۆرک تایمزیان کردووە، ڕەوتی گۆڕانکارییەکانیان لە دەوروبەری نزیکەی دوازدە شوێن کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا زیانیان بەرکەوتبوو، خستە ژێر چاودێرییەوە ، لە نیوەیاندا، شایەتحاڵی کاری بیناسازیی و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە بوون.لە هەمان کاتدا ئەم شارەزایانە وەبیریان هێناوەتەوە کە بەهۆی ئەوەی لەم پشکنینانەدا، تەنها دەستیان بە وێنەی مانگی دەستکرد گەیشتووە، توانای هەڵسەنگاندنی وردی ئاستی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەیان، بەتایبەت لە ناوەوەی ئەو شوێنە داخراوەکاندا نەبووە کە گومانى کارەسەرەکییەکانیان لێدەکرێت.

ئەوە لە کاتێکدا بەپێی ئەو سزایانەی کە جارێکی تر بەسەر تاراندا سەپێنراونەتەوە، ئێران نابێت هیچ چالاکییەک پەیوەست بە مووشەکە بالیستییەکان کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، ئەنجام بدات سەرەڕای ئەمەش وا دیارە کە چاکسازییەکان لە هەندێک لە دامەزراوە مووشەکییەکاندا، کەمێک دوای هێرشەکانی ئیسرائیل دەستی پێکردووە؛ بابەتێک کە دەربڕی گرنگی و لەپێشینەیی پرسە سەربازی و بەرگرییەکانە بۆ ئێران. وەک نموونە وا دیارە دامەزراوەی شاهرود، گەورەترین و نوێترین دامەزراوەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ڕەقی ئێران و شوێنی تاقیکردنەوەی مووشەکەکانە، بە خێرایی نۆژەن کراوەتەوە و دووبارە کەوتۆتەوە کار. بە وتەی یەکێک لە شیکەرەوەکانی وێنەی مانگی دەستکرد، بەدوای بارینی بەفر لە مانگی ڕابردوودا، ڕێگاکانی بەرەو ئەم دامەزراوەیە بە خێرایی بەفرەکەیان لێ ماڵدراوە و بەفری سەر سەقفەکانیش زۆر بە خێرایی تواونەتەوە؛ بابەتێک کە وەک نیشانەیەک بۆ چالاکبوونی ئەم شوێنە لێکدەدرێتەوە لەبەر ئەوەى پلەى گەرمی ئەو گەرم بووە.

پێشتر کەناڵی تەلەفزیۆنی «سی ئێن ئێن» ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبوویەوە ئێران سەرەڕای سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە فرۆشتنی چەک بە تاران و چالاکییە مووشەکە بالیستییەکانی قەدەغە دەکات، بە خێرایی سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی ئەم بەرنامەیەیە.ئەم کەناڵە بە گێڕانەوە لە سەرچاوە هەواڵگرییە ئەورووپییەکانەوە نوسیویەتی : چەندین بارهەڵگری پڕ لە مادەی سەرەکی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ڕەق کە بۆ مووشەکە مەودا مامناوەندەکانی ئێران بەکاردەهێنرێت، لە چینەوە گەیشتووەتە بەندەر عەباس.لە لایەکی ترەوە، وێنەی دامەزراوە ئەتۆمییە زیان بەرکەوتووەکانی ئێران نیشانی دەدات کە تەنها شایەتحاڵی هەندێک چاکسازیی ورد و بەهێزکردنی نۆژەنکردنەوەکان بوونە و خێرایی کاری بیناسازی تێیاندا، تەنها بەم دواییانە زیادی کردووە.

بە وتەی شارەزایان سەرەڕای ئەم چاکسازییە کەمانە، سێ دامەزراوەی سەرەکی پیتاندنی ئێران، کە (ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ) لەخۆ دەگرێت، هێشتا هەر لەکار وەستاون.لە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەرەوە، ئێران بەشگەلێکی دامەزراوەکانی نەتەنز و ئەسفەهانی بە سەقفی ڕەنگ سپی داپۆشیوە. بە وتەی شیکەرەوەکان، ئامانج لەم کارە، ئەگەری زۆرە ڕێگریکردن بێت لە بینینی چالاکییەکان لەو شوێنانەدا، لە سەرەوە و لەوانەش لە وێنە مانگی دەستکردەکاندا. لە هەمان کاتدا بەشی سەرەکی وێرانکارییەکانی ناشی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هاوینی ڕابردوو، هێشتا هەر دەبینرێن. بەرپرسانی ڕۆژئاوایی و ئیسرائیلی جەخت دەکەنەوە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا نیشانەی ئەوتۆیان بەدی نەکردووە کە ئاماژە بێت بۆ پێشکەوتنی بەرچاوی ئێران لە بواری نۆژەنکردنەوەی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم و جوڵەی ئەگەری بەرەو دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لە کاتی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هاوینی ڕابردووەوە، چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی «بە تەواوی لەناوبردووە». ناوبراو لە هەمان کاتدا هۆشداریداوە کە لە ئەگەری هەوڵی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە زیان بەرکەوتووەکان، یان دروستکردنی دامەزراوەی ئەتۆمی نوێ، ئەوانیش بە «هێرشی زۆر توندتر» لەناو دەبات. ئەمە لە کاتێکدایە کە تاران و واشنتۆن لە ڕۆژی هەینی رابردووەوە خولێکی نوێی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان دەستپێکردووە. دانوستانگەلێک کە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و چارەنووسی نزیکەی ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە خاوێنی بەرزی ئەم وڵاتەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP