هەرێم نیوز
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دەردەکەوێت لە نزیک ئامێرێکی ATM لە ناو شاری هەڵەبجە بڕە پارەیەک بە دەوری ئامێرەکەدا بڵاوبووەتەوە و با دەیبات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە.
ڕائدی پۆلیس، ئاکام قطب الدین ئاغاوەیس، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوون و پەیوەندیکردن بە تیمی بانکی RTB، دەرکەوتووە کە ڕووداوەکە پەیوەندی بە تێکچوونی ئامێرەکەوە نەبووە.
• ڕووداوەکە لەو کاتەدا بووە کە تیمەکانی بانکەکە سەرقاڵی دانانی پارە بوون لەناو ئامێرەکەدا.
• بەهۆی ئەوەی سەری یەکێک لەو بۆکسانەی پارەکەی تێدا بووە لاچووە، لەو ساتەدا بایەکی بەهێز هەڵیکردووە و پارەکەی بڵاوکردووەتەوە.
وتەبێژی پۆلیس دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە دوای ڕووداوەکە، توانراوە سەرجەم بڕی پارەکە کۆبکرێتەوە و هیچ بڕە پارەیەک ون نەبووە. هەروەها جەختی کردەوە کە ئامێری ATMـەکە هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەبووە و بەردەوامە لە خزمەتگوزارییەکانی.