هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان، بەڵام بەغدا زیاتر لە 36 ملیار دیناری لە شایستەی خانەنشینان بڕیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی 2ی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی (931,257,000,000) نۆ سەد و سی و یەک ملیار و دووسەد و پەنجا و حەوت ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە، بەغدا بڕی (36,360,864,000) سی و شەش ملیار و سێسەد و شەست ملیۆن دیناری لە کۆی تەمویلی مووچە نەناردووە.
هۆکاری بڕینی پارەکە چییە؟
وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە، ئەو پارەیەی نەنێردراوە شایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە 8 هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانییە کە:
لە ساڵی ڕابردوودا خانەنشین کراون.
دوای تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم (مانگی 1) داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە.
پێویست بوو چەند مووچەیەک پێکەوە وەربگرن، بەڵام لە بەغداوە تەنها یەک مووچەیان (مووچەی مانگی 1) بۆ هاتووە.
وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە کە تیمەکانیان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا.
دەقی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی :
تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
دوا نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ( ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) بڕی ( ٩٣١،٢٥٧،٠٠٠،٠٠٠) نۆ سەدو سی و یەک ملیارو دووسەدو پەنجاو حەوت ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
تێبیبی؛ لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و ئەو کێشەو گیرو گرفت و بیانوانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) سی و شەش ملیارو سێ سەدو شەست ملیۆن و هەشت سەدو شەست و چوار هەزار دیناری لەکۆی تەمویلی مووچە نەناردووە کە بریتییە لەشایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی کە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین کراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە،( واتە ئەو خانەنشینانەی کە لەمانگی یەک داخڵی لیستی مووچە کرابونەوەو پێویست بوو چەند مووچەیەک پێکەوە وەرگرن، لەبەغداوە تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە کە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەکانمان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەپەیوەندی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەو خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا) .
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری
١٠ / ٢ /٢٠٢٦