دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی و عەلی عەلاق کۆبوونەوە؛ "بەغدا پشتیوانیی تەواو لە (هەژماری من) دەکات"

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کۆدەبنەوە و جەخت لە پەرەپێدانی "هەژماری من" و "ئی-پسوولە" دەکەنەوە، عەلی عەلاقیش دەڵێت: "ئامادەی هەموو هاوکارییەکین".

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی 2ی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پڕۆژەکانی (هەژماری من) و (ئی-پسوولە) و چۆنیەتیی باشترکردنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندی و تیمەکەی کرد بۆ ئەو کارئاسانی و هەماهەنگییەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کردوویانە بۆ سەرخستنی چاکسازییەکان، هاوکات ستایشی چاکسازییەکانی عەلی عەلاقی کرد بۆ باشترکردنی سیستەمی بانکی لە سەرتاسەری عێراقدا.

لای خۆیەوە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ستایشی دیدگای مەسرور بارزانی کرد لە بواری چاکسازیی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕایگەیاند: "ئامادەی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP