هەرێم نیوز
لیندزی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا، چەند کاتژمێرێک دوای چاوپێکەوتنەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەشی تورکیی تۆڕی سی ئێن ئێن، بە توندی کاردانەوەی نیشان دا.
گراهام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕوو لە هاوپەیمانانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا نووسیویەتی: «ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت وا بیر دەکەنەوە کە دوای ئەو هەموو پاشەکشەپێکردن و خۆڕاگرییەی گەلی ئێران، هێشتنەوەی ئایەتوڵڵا و ڕژێمە بکوژەکەی لە دەسەڵاتدا بیرۆکەیەکی باشە، ئەوا ئێوە لە جیهانێکی خەیاڵیدا دەژین.
دەشڵێت: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە و تەنانەت کاتەکەشی بەسەر چووە کە ناوچەکە بە شێوەیەکی بوێرانە و یەکگرتوو لە دژی ئایەتوڵڵای بکوژ بوەستێتەوە؛ ئەو کەسەی گەلی خۆی سەردەبڕێت و نازییەکی ئاینییە.
لە درێژەی ئەم کاردانەوەیەدا، سیناتۆر گراهام ڕاستەوخۆ ڕووی لە تورکیا، قەتەر و میسر کردووە و دەڵێت: «ئارەزووی ئێوە بۆ پاراستنی دۆخی هەبوو و پشتگوێخستنی داواکارییە ڕەواکانی گەلی ئێران، بە بڕوای من، بە تەواوەتی لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەروەها لە دەرەوەی چوارچێوەی پرەنسیپە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتییە.
گراهام ئەوەشی وتووە: سەرۆک ترامپ وتی: «بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی، یارمەتی لە ڕێگایە.» ئەو لە لایە ڕاستەکەی مێژوودا دەوەستێت. من بڕوام وایە ئەو پیاوێکە پابەندە بە بەڵێنەکانی خۆیەوە. ئازادی بۆ ئێران.
سیناتۆر گراهام لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانەوە، چەندین جار داوای لە ئەمریکا کردووە کار بۆ ڕووخاندنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بکات و بە توندی سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی لەو وڵاتەدا شەرمەزار کردووە.
فیدان لە چاوپێکەوتنەکەیدا، بە تێر و تەسەلی دەربارەی ئێران قسەی کردبوو و وێڕای دەربڕینی گەشبینی بەرامبەر بە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، جەختی کردبووەوە: «ناوچەکە تاقەت و بەرگەی شەڕێکی دیکەی نییە. ئەردۆغان بە توندی چاودێری ئەم بابەتە دەکات و هەموو هەوڵێکی ئێمە بە ئامانجی ڕێگریکردنە لە ڕوودانی پێکدادانێکی سەربازی.
ئەو لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری کەناڵەکەدا دەربارەی ناڕەزایەتییەکان و کوشتارە گەورەکەی ئەم دواییە و داواکارییان بۆ گۆڕینی ڕژێم دەڵێت، بە بڕوای ئەو حکومەت لە ئێران لە ڕێگەی «هێرشێکی ئاسمانییەوە ناڕووخێت، بەڵکو سیستەمەکە لاواز دەبێت و ڕەنگە نەتوانێت چیتر ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات... هەر ئەم لاوازییەش حکومەت ناچار بکات کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی کارکردنی خۆیدا بکات.
جێگیرکردنی هێزی ئەمریکی بۆ بنکەکانی دەوروبەری ئێران، هەروەها جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییەکانی نزیک لەو وڵاتە، نیگەرانییەکانی لە هێرشێکی دیکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاتر کردبوو. ئەگەرچی لە ئێستادا لە دانوستاندان.