هەرێم نیوز
چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی نووری مالیکی وەک تاکە کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاری دەکات و داوا لە پەرلەمان دەکات دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ شەممە 24ی 1ی 2026، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هادی عامری لە بەغدا کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەک کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و پەرۆشییان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پاراستنی سەقامگیریی وڵات دراوە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "ئەزموونی سیاسی و کارگێڕی و ڕۆڵی نووری مالیکی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا" هۆکاری سەرەکی بوون بۆ کاندیدکردنەوەی.
چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە ڕێڕەوی دەستووری کردووەتەوە و رایگەیاندووە، پەرۆشن بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە کە بەگوێرەی وادە دەستوورییەکان کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت، تاوەکو دوای ئەو هەنگاوە کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێردرێت.
نووری کامل مالیکی، لە ساڵی 1950 لە قەزای هیندییە لە پارێزگای بابل لەدایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە ئەدەبی عەرەبی. ناوبراو لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامی کردووە و بۆ ماوەی دوو خول لە نێوان ساڵانی 2006 تاوەکو 2014 سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و ئێستاش سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەکات.