هەرێم نیوز
بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە و ڕایگەیاند، سەرکردایەتیی سووریا بەڵێنی پاراستنی کەرامەتی کوردی پێ داون، لە بەرانبەردا ئیتاڵیا بەڵێن دەدات نەهێڵێت سیناریۆی سووریا بەسەر هەرێمی کوردستاندا بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی ١ی ٢٠٢٦، بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی گفتوگۆکانی خستە ڕوو.
بارزانی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە زۆر باش بووە و باسی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووە. لە پەیامێکی تونددا وتی: "بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگتر، کەرامەت و هەبوونی کوردە، هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی گەلی کورد، دەیکەین."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، بارزانی ئاشکرای کرد: "سەرکردایەتیی سووریا بەڵێنیان پێ داوین کە کەرامەتی کورد پارێزراو بێت."
لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بارزانی بە "سیمبولێک لە شەڕی دژ بە داعش" وەسف کرد و نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی بۆ دۆخی سووریا دەربڕی.
وەزیرەکە بە ڕاشکاوی وتی: "ئەوەی دژ بە گەلی کورد دەکرێت لە سووریا جێگای قبووڵ نییە." سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش بەڵێنێکی گرنگی دا و وتی: "هەموو ڕێگرییەک دەکەین هەمان شت (ـی ڕۆژئاوا) بەسەر باشووری کوردستان بێت."
هەروەها ئیتاڵیا نیگەرانیی خۆی لە ئازادبوونی زیندانیانی داعش نیشان داوە و ڕایگەیاندووە کار دەکەن بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە.