دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان

 هەرێم نیوز

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژاوای کوردستانەوە ڕایگەیاند: داوا دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕ لەدژی خوشک و براکانمان لە سووریا بھێندرێت و کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و لە سووریایەکی ئازاد و دیموکراتدا مافی ھەموو پێکھاتەکان و مافەکانی گەلی کورد لە سووریا بەپێی یاسا و دەستوور گەرەنتی بکرێن.

دەقی پەیامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان:

بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕای گشتی

ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بەنیگەرانییەکی زۆرەوە لە دوایین ڕووداو و پەرەسەندنەکانی سوریا و ڕۆژئاوا دەڕوانین، ڕەچاونەکردنی تایبەتمەندی و مافەکانی گەلی کورد لە سووریا و پەرەسەندنی ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادان لەدژی گەلی کورد دەبێتە ھۆی تێکدانی ئاشتی و ئارامی ئەو ناوچانە و ئەگەری ئاوارەیی و ڕوودانی کارەسات و نەھامەتی و پاکتاوی ڕەگەزی بۆ خوشک و براکانمان لە رۆژئاوا لێ دەکەوێتەوە.

لە لایەکی ترەوە گەلی کورد لە رۆژئاڤا لەسەر زێد و خاکی خۆی، لەپێناو برایەتی و یەکسانی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دژایەتیی ستەم و تیرۆر تێکۆشاوە و، لەساڵانی ڕابردوودا، لە شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە سووریا لەئارادایە، دەبێتە ھۆی ئەگەری سەرھەڵدانەوەی داعش و تیرۆر کە ئەمە خۆی لەخۆیدا ھەڕەشەیەکی زۆر جدییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەکە.

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی ڕوانگە و ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و لە سۆنگەی ھەست کردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی، داواکارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان لەئاست بەرپرسیارەتییاندابن و ھەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی گرژی و شەڕو پێکدادانەکان لە سووریا و ڕێگریکردن لە قووڵتووتربوونی قەیران و ھەروەھا ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانەوەی داعش و تیرۆر و توندڕۆیی. 

داوا دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕ لەدژی خوشک و براکانمان لە سووریا بھێندرێت و کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و لە سووریایەکی ئازاد و دیموکراتدا مافی ھەموو پێکھاتەکان و مافەکانی گەلی کورد لە سووریا بەپێی یاسا و دەستوور گەرەنتی بکرێن.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

٢٠/ ١/ ٢٠٢٦



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP