هەرێم نیوز
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند کە ئەمشەو یەکێک دەبێت لە ساردترین شەوەکانی ئەم مانگە و پلەکانی گەرما لە سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ٤ تا ٥ پلە ژێر سفر و لە هەولێر و دهۆک و کەرکووک بۆ ٢ تا ٣ پلە ژێر سفر نزمدەبنەوە. لە ناوچە شاخاوییەکانیش پلەی گەرما دەگاتە ١٣ پلە ژێر سفر و شەختە و بەستن زۆربەی ڕێگاکان دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لە کاتەکانی شەودا شەپۆلێکی بەفربارین لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێم و عێراقەوە دەست پێ دەکات.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە شەپۆلەکە گشت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بە شێوەی بەفری مامناوەند لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک، نەینەوا و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران و زاخۆ و باکووری گەرمیان بەردەوام دەبێت.
بڕی بەفری پێشبینیکراو بۆ ڕۆژی هەینی بەم شێوەیە دەبێت: لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، نەینەوا و زاخۆ ٦ بۆ ١٥ سم، لە سلێمانی و هەڵەبجە ١٠ بۆ ٢٠ سم و لە ناوچە شاخاوییەکانیان دەگاتە ٣٠ سم، هەروەها لە ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران ١٥ بۆ ٢٠ سم و لە کەرکووک و باکووری گەرمیان ١ بۆ ٤ سم بەفر دەبارێت.
ئەم شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ڕۆژی شەممە ٢٤ی کانوونی دووەمەوە، کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە. بەهۆی تێپەڕینی بارستە هەوایەکی گەرم لە باکووری ئەفریقاوە، پلەکانی گەرما بە خێرایی بەرز دەبنەوە و شەپۆلی سەرما و بەستن لە زۆربەی ناوچەکان کۆتایی پێ دێت.