هەرێم نیوز
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، وردەکاریی چەند پێکدادان و هێرشێکی نوێی لە گوندەواری دێرحافر و تەبقە ئاشکرا کرد.
هەسەدە ڕایگەیاند، کە شەڕڤانانیان توانیویانە هەوڵێکی دزەکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە میحوەری گوندی "زوبەیدە" لە گوندەواری باشووری دێرحافر تێکبشکێنن. هێرشبەرەکان کە پشتگیریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی دۆشکەیان هەبووە، دوای بەرپەرچدانەوەیەکی توند، ناچار کراون پاشەکشە بکەن و هەڵبێن.
هاوکات لەگەڵ گرژییەکانی دێرحافر، تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێگەکانی هەسەدە چڕکردووەتەوە:
• تەبقە: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جۆری (بایراکتار) پێگەیەکی هەسەدەی لە گوندی "ئەلبوعاسی" بۆردومان کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک شەڕڤان بریندار بوون و بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە.
• مەسکەنە: تورکیا لە یەک ڕۆژدا سێ جار شاری مەسکەنەی بۆردومان کردووە. هەرچەندە هێرشی یەکەم زیانی گیانی نەبووە، بەڵام هەسەدە ئەم هەڵکشانە بە "مەترسیدار" وەسف دەکات.