هەرێم نیوز
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پابەندیی تەواوی خۆی بە ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕ ڕاگەیاند کە لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا لەسەری ڕێککەوتوون.
هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە ئەوان دەستپێشخەری هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن، مەگەر لە حاڵەتێکدا کە هێزەکانیان ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە و ناچار بن بەرگری لە خۆیان بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەسەدە دەرگای بۆ هەموو ڕێڕەوە سیاسییەکان و چارەسەرە گفتوگۆییەکان واڵا کردووە و ئامادەیی تەواوی خۆی نیشان داوە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ١٨ی کانوونی دووەم.
ئەم هەڵوێستەی فەرماندەیی هەسەدە وەک هەوڵێکی جیدی بۆ چەسپاندنی ئارامی و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا وەسف کراوە.
ئەم بڕیارەی هەسەدە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتن بەردەوامن.
هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکان و پەنابردن بۆ دیالۆگ باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان.