هەرێم نیوز
بەرپرسێکی بایۆمەتری لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ مووچەی مانگی یەک، لیستی خانەنشینان هاوشێوەی فەرمانبەران بە دیجیتاڵی و لەڕێگەی سیستەمی "پەیرۆڵ"ـەوە ئامادە دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ١ی ٢٠٢٦، یادگار جەبار، بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، کارەکانی تۆمارکردنی ناوی خانەنشینان لە سیستەمی "پەیرۆڵ" تەواو بووە و بۆ مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ، لیستەکەیان هاوشێوەی فەرمانبەران بەو سیستەمە بۆ بەغدا دەنێردرێت.
یادگار جەبار ئاماژەی بەوە داوە، ساڵی ڕابردوو لیستی مووچەی خانەنشینان بە کاغەز بۆ بەغدا دەنێردرا، بەڵام "لەسەر داواکاریی دارایی فیدراڵ، لەمەودوا بە سیستەمی پەیرۆڵ ئامادە دەکرێت."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان هەن و داتاکانیان لە داتاسەنتەری ناوەندیی حکوومەت کە لەسەر ستانداردی جیهانیی (T3) دامەزراوە، پارێزراون.