هەرێم نیوز
بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەسەدە لە دیمەشق هۆشداری لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی دەدات بەهۆی شەڕی ڕەققە و تەبقەوە، هاوکات کۆبوونەوەکەی هەولێر بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی ١ی ٢٠٢٦، عەبدولوەهاب خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە دیمەشق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆخی ئەمنی لە ناوچەکانی ڕەققە و تەبقە مەترسییەکی جددی لەسەر ژیانی خەڵکی سڤیل دروست کردووە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت "کارەساتی مرۆیی ڕوودەدات."
بەرپرسەکەی مەسەدە ئاماژەی بەوە داوە، شەڕ لەنێوان هەسەدە و سوپای سووریا لە ڕەققە بەردەوامە و لە دێرەزووریش هۆزە عەرەبەکان پەلاماری هەسەدە دەدەن، بەڵام "کێشەکان بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێن و هەسەدە خوازیاری دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەیە."
سەبارەت بە جووڵە سیاسییەکانیش، عەبدولوەهاب خەلیل خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا و وتی: "کۆبوونەوەکەی هەولێر بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەرپرسەکەی مەسەدە باسی لە مەترسیی زیندانیانی چەکدارانی داعش کرد و بە "مەترسییەکی گەورە" وەسفی کرد کە پێویستە بە هەند وەربگیرێت.