بڵێسە ئیسماعیل حەقی
ساڵی ٢٠٠٣، مالیکی بە تاکسییەک گەڕایەوە عیراق. بەڵام گەڕانەوەی ئەو سەرنشینە چیرۆکی عیراقی بەڕاددەیەک گۆڕی کە هیچ شتێکی وەک پێش ٢٠٠٣ نەهێشتەوە.
لە کتێبی یادەوەرییەکانی “The Envoy: From Kabul to the White House, My Journey Through a Turbulent World”، زاڵمای خەلیلزاد، باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق، بە وردی باس لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی نوری مالیکی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٦ دەکات.
خەلیلزاد ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا، عێراق لە قۆناغێکی زۆر ناسەقامگیردا بوو. تەقینەوەی حەرەمی عەسکەری لە سامەڕا لە مانگی شوباتدا، شەپۆلێکی توندوتیژیی تائیفیی بەرفراوانی لێکەوتبووەوە و وڵاتەکە لەبەردەم هەڕەشەی شەڕێکی ناوخۆییدا بوو. لەم بارودۆخەدا، ئەمریکا بەدوای سەرکردەیەکدا دەگەڕا کە بتوانێت وڵات یەکبخات و کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێنێت، چونکە حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم جەعفەری نەیتوانیبوو سەقامگیری بگەڕێنێتەوە.
وەک خەلیلزاد نووسیویەتی لەسەرەتادا، ناوی چەند کەسێک وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هاتە ئاراوە، لەوانە عەلی ئەدیب. بەڵام ئەدیب بەهۆی پەیوەندییەکانی باوکی لەگەڵ ئێران، بەتایبەتیش ئەوەی کە هەموو خانەوادەکەی لە ئێران بوون و لەوکاتەشدا هەر لەوێ ژیاون، نەیتوانی متمانەی پێکهاتەکان و ئەمریکاش بەدەست بهێنێت. هەربۆیە ئەمریکا بەدوای کەسێکدا دەگەڕا کە بتوانێت هەموو پێکهاتەکان کۆبکاتەوە و توندوتیژییەکان کۆنترۆڵ بکات. لەم نێوەندەدا، نوری مالیکی وەک کاندیدێکی جێگرەوە و چاوەڕواننەکراو دەرکەوت. خەلیلزاد باس لەوە دەکات کە مالیکی وەک کەسێکی “زۆر بەهێز” و خاوەن “توانای سەرکردایەتی” ناسرابوو. یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکان بۆ ئەمریکا ئەوە بوو کە مالیکی کەمترین کاتی لە ئێران بەسەر بردبوو، ئەمەش وایکرد کە لەلایەن هەندێک بەرپرسی ئەمریکییەوە بە کەسێکی نیشتمانپەروەرتر سەیر بکرێت. هەروەها هیچ بەڵگەیەکیش لەسەر گەندەڵیی لەسەری نەبوو لەو کاتەدا. خەلیلزاد لە گێڕانەوەکەیدا جیاوازی لەنێوان “مالیکی یەکەم” و “مالیکی دووەم” دەکات. “مالیکی یەکەم”، کە لە سەردەمی باڵوێزیی خەلیلزاددا بوو، بە کەسێکی هاوکار و ئامادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیا شیعەکان و یاخیبووان وەسف دەکرێت. بەڵام دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا، خەلیلزاد پێی وایە مالیکی هەستی بە کەمبوونەوەی پشتیوانیی ئەمریکا کرد و زیاتر پشتی بە ئێران بەست. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە زیاتر بەرەو سیاسەتێکی تائیفی و دەسەڵاتخوازانە بڕوات، کە خەلیلزاد بە “لەناوبردنی عێراق” وەسفی دەکات.
بێگومان ئەمریکا هەردوو مالیکییەکە باش دەناسێت، بۆیە پێناچێت ئەمجارە وەها بەزوویی دەست ەرداری ببێت.
کورد و ئەبو ئیسراء
لەناو شیعەکاندا، مالیکی بە ئەبو ئیسراء ناسراوە. ئەو لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٠ی نزیک شارۆچکەی هندیەی نزیک شاری حلەیە. باپیری یەکێک بووە لەڕابەرانی شۆڕشی بیست لە عیراق و لە ١٩٧٠ەوە ئەندامی حزبی دەعوەیە و ئیستاش سەرۆکی ئەو حزبەیە. ئەگەرچی مالیکی لە هەولێر خوێندوویەتی، بەڵام زۆرینەی کێشەکانی کورد لەدوای ٢٠٠٣، یان بەرهەمی مالیکین یان هی دوای ئەون، ئەمە وایکردووە بە گشتی تێڕوانینێک لەناو کورد درووستبێت کە تەنها مالیکیش دەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات. لەلایەکی دیکەوە، ئەوەی مالیکی لەهەر کارەکتەرێکی سیاسیی شیعی جیادەکاتەوە، پلەبەندی شوناسە لەلای ئەو. وەک خۆی چەند جار گوتوویەتی؛ ئەو شیعیە، عیراقییە و ئینجا عەرەبە.
نە خۆی و نە نزیکانی و نە دوژمنانیشی نایشارنەوە دوژمنێکی سەرسەختی ناسیۆنالیزمی عەرەبییە. ئەمە ڕەنگە پاڵنەرێکی گرنگبێت بۆ هاتنەوەی مالیکی، چونکە ئێمە لەسەردەمێکداین، دوای رووداوەکانی سوریا گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەی بەهێزبوونەوەی سوننەن. ئا لەم خاڵەدا کەس هێندەی مالیکی ناتوانێت هاوکاری شیعەکان بێت، چونکە ئەو ئەندازیاری جەنگی تائیفی عیراقە، ئەو جەنگەی سونەکانی کردە پەراگەندەترین پێکهاتەی وڵاتەکە.
مامەڵەی مالیکی لەگەڵ سوننە، ڕەنگە بۆ کوردیش زۆر خوازراوبێت، چونکە ئەوەتا عەرەبی سوننە لەلایەک لەسوریاوە مامەڵەی خۆی پێشانی کورد دەدات و لەلایەکی دیکەش لە عیراقیش ددان لە کورد تیژدەکاتەوە.
لێرەدا گەڕانەوەی مالیکی بۆ کورد و شیعەش پێویستییەکە بۆخۆی.
مالیکی دژایەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی عێراقی دەکات، بە تایبەت ئەو جۆرەی کە لەلایەن حیزبی بەعسەوە پەیڕەو دەکرا، چونکە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر پێکهاتەی شیعە و دەسەڵاتی خۆی دەزانێت. لەڕابردووشدا، لەبری ناسیۆنالیزمی عەرەبیی باو، مالیکی هەوڵی دا ناسیۆنالیزمێکی عێراقی پەرەپێبدات کە ڕەگەزێکی شیعەیی تێدا زاڵ بێت، ئەمەش وایکرد کە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی سوننەدا ناکۆکی دروست بێت.
ئایا مالیکی گرێی حەشد دەکاتەوە؟
هەرچەندە دامەزراندنی فەرمیی حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٤دا وەک وەڵامێک بۆ داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە و بە فەتوای مەرجەعی باڵا ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بوو، بەڵام ڕۆڵی مالیکی لە دروستبوون و بەکارهێنانی ئەم هێزانەدا بەرچاو بووە. پێش فەتوای سیستانیش، مالیکی وەک سەرۆک وەزیران، بەهۆی لاوازبوونی سوپای عێراق و هەڕەشەی داعش، هەوڵی دەدا هێزێکی هاوشێوە دروست بکات یان پشتیوانی لە گرووپە چەکدارە شیعەکان بکات. ئەو حەشدی شەعبی وەک ئامرازێکی سێ لایەنە دەبینی: یەکەم، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی عێراق؛ دووەم، وەک هێزێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی و فراوانکردنی کاریگەریی سیاسیی؛ سێهەمیش بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی سیاسیی وەک دەسەڵاتێکی شیعی لە عیراق.
لەدوای دامەزراندنی حەشدەوە، خاڵەکانی یەکەم و سێهەم هاتنەدی، بەڵام خاڵی دووەم کە پەیوەستە بە پێگەی مالیکییەوە نەوەک هەر جێبەجێنەبوو، بگرە پێچەوانەکەی هاتەدی. ئەوەتا گروپە چەکدارەکان خەریکە پێگەی سیاسیی و جەماوەری مالیکی لاوازدەکەن.
لێرەدا مالیکی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی بە هەل دەزانێت، هەم بۆ لاوازکردنی ڕکابەرەکانی کە لە هەناوی حەشدی شەعبیەوەدێن و هەم بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا کە خواستی کۆتاییهێنان بەو پێکهاتەیەی هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، رەنگە مالیکی تەنها سیاسییەکی گەورەی شیعی بێت کە پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ واشنتن و تارانیش هەیە. لە سەردەمی حوکمڕانییەکەیشیدا، مالیکی پشتی بە ئەمریکا دەبەست بۆ دابینکردنی ئاسایش و پشتیوانیی نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئێران هەبوو بۆ پشتیوانیی سیاسی و مەزهەبی.
بەربەستی سەدر و سیستانی
هەرچەندە مالیکی وەک تاکە کاندیدی شیعەکان دیاریکراوە، بەڵام دوژمنە ناوخۆییە گەورەکەی لەناو خودی شیعەکانە، ئەویش سەید موقتەدا سەدرە. ناکۆکی مالیکی و سەدر دیوە ئایدۆلۆژیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی ئالی سەدر لەگەڵ بونیادی دەعوە لەوکاتەی سەدریەکان باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیهـ نییە بەپێچەوانەی دەعوە. تەنانەت لەڕووی ئاراستەشەوە سەدر خۆی وەک عیراقیەکی شیعی دەبینێت بەڵام مالیکی شیعییەکی عیراقی.
یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی ناکۆکییەکانی نێوان مالیکی و سەدر، ئۆپەراسیۆنی صولة الفرسان (هێرشی سوارچاکان) بوو لە ساڵی ٢٠٠٨. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، حکومەتی مالیکی بە پشتیوانیی هێزەکانی ئەمریکا، هێرشی کردە سەر میلیشیاکانی سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر لە بەسرە و چەند ناوچەیەکی دیکەی باشووری عێراق. شکستی سەدر لەوشەڕە هەم گرێیەکی دەروونی بۆ خودی سەدر درووستکرد، هەم بووە هۆی دابەشبوونی قووڵ لەنێو ماڵی شیعەدا، کە زۆرجار ڕێگر بووە لە پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز. تەنانەت، لە ساڵانی دواییدا، بە تایبەت دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١، ناکۆکییەکانی نێوان مالیکی و سەدر بووە هۆی قەیرانێکی سیاسیی درێژخایەن، کە تێیدا سەدر هەوڵی دا حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنێت و مالیکی و هاوپەیمانەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) دژایەتییان کرد. پێدەچێت سەدر بەباشی گوێی لەدەنگی پێی مالیکی بووبێت، هەر بۆیە پێشوەختە کۆتاییهاتنی سڕکردنی چالاکییەکانی سەرایا سەلام، باڵی سەربازیی رەوتەکەی لە پارێزگاکانی بەسرە و کوت راگەیاند و هەینی رابردووش سەدان هەزار لایەنگری هێنایە سەر شەقامەکان.
ئەوەشمان بیرنەچێت، پێشتر سیستانی ڕێگری کرد لەوەی ویلایەتی سێهەم بدرێتە مالیکی و ئیستاش روون نییە ئاخۆ ئەمجارەش هەمان مامەڵەی دەبێت یان نا.
سەرەڕای ئەوەی مالیکی لە ساڵی ٢٠١٤ پۆستی سەرۆک وەزیرانی لەدەستدا، بەڵام هێشتا وەک سەرکردەیەکی دیار لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا ماوەتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی، کە گەورەترین بلۆکی شیعەیە لە پەرلەمانی عێراقدا، مالیکی ڕۆڵێکی سەرەکی لە بڕیارەکانی ئەو چوارچێوەیەدا هەیە. هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا ٢٩ کورسی بەدەستهێناوە، ئەمەش پێگەیەکی بەهێزی پێدەبەخشێت لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا. مالیکی کۆنترۆڵی چەندین تۆڕی سیاسی و ئەمنی لە وڵاتدا پاراستووە، لە ڕێگەی سەرۆکایەتیکردنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکان وەک کەتائیب سەید ئەلشوهەدا، و هەروەها پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، بە تایبەت سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری فایەق زێدان. هەربۆیە؛ ئەوەی کە مالیکی کاندیدی تاکەنەی چوارچێوەی هەماهەنگییە کۆتایی چیرۆکەکە نیئە، ئەم ئەگەرە بە ئاستەنگێکی زۆرەوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بە تایبەت دژایەتیی سەدر و ناڕەزایەتیی جەماوەری. ئەگەر بگەڕێتەوە، پێدەچێت عێراق ڕووبەڕووی قۆناغێکی دیکەی ناسەقامگیریی سیاسی و تائیفی ببێتەوە، و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکەش بەرچاو دەبێت. لە ئێستادا، کاندیدێکی سازشکار هێشتا ئەگەرێکی بەهێزترە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.