هەرێم نیوز
بارزانی لە پەیامێکدا داوا دەکات بە زووترین کات شەڕی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە ڕابگیرێت و مەرسوومی سەرۆکی ئەو وڵاتەش بۆ مافەکانی کورد بە "ئاراستەیەکی دروست" وەسف دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی ١ی ٢٠٢٦، بارزانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی سووریا بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی دوێنێی لەگەڵ نوێنەری ترەمپ و فەرماندەی هەسەدە کردووە و ڕایگەیاندووە: "هیوادارین بە زووترین کات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن کە ئێستا لەنێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ئارادایە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، بارزانی داوا دەکات لایەنەکان بۆ ڕێککەوتنەکانی پێشوو بگەڕێنەوە و سەبارەت بە هەنگاوەکانی دیمەشقیش دەڵێت: "دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکی سووریا لەبارەی مافەکانی کورد بە هەنگاوێکی ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین."
بارزانی هیوای خواستووە ئەو مەرسوومە ببێتە زەمینەیەک بۆ ئەوەی بە ڕەزامەندیی لایەنەکان دەوڵەمەند بکرێت و "بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری، گەرەنتیی مافەکانی گەلی کوردی لەسەر بنیات بنرێت."