دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوەی لووتکە لە پیرمام؛ مەزڵووم عەبدی و نوێنەرەکەی ترەمپ لەلای بارزانی کۆبوونەوە

هەرێم نیوز

بارزانی لە پیرمام کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنەکەسە ڕێک دەخات و جەخت لە سەقامگیریی "سووریای نوێ" دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 17ی 1ی 2026، بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، بارزانی لە پیرمام میوانداریی کۆبوونەوەیەکی گرنگی کردووە لەنێوان تۆماس باراک، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا کە فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر ئامادە بوون، بارزانی سوپاسی لایەنەکانی کردووە کە لەم هەلومەرجەدا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون "لەپێناو ئاشتی و ڕێگرتن لە توندوتیژی" و جەختی لە گرنگیی دیالۆگ و پێکەوەژیان لە سووریای نوێ کردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا هاتووە، نوێنەرەکەی دۆناڵد ترەمپ سوپاسی بارزانی کردووە بۆ ئەو دەستپێشخەرییە و دواتر هەموو لایەنەکان ڕۆشناییان خستووەتە سەر "چەند هەنگاوێکی کردەیی" بۆ هێنانەدی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

دەقی راگەیەنراوەکە:

سەرۆك بارزانی میوانداریی باڵیۆز تۆماس باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە دەكات

ڕۆژی شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی میوانداریی كۆبوونەوەیەكی گرنگی كرد لەنێوان باڵیۆز تۆماس باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و ویندی گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژەنراڵ كێڤن لامبارت فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و كۆڵۆنێڵ زاكاریا كۆرك و ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهێنانی هەموو لایەنەكانی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكێش كردن كە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا ئامادەیان بۆ ئەم كۆبوونەوەیە هەبووە لەپێناو ئاشتی و ڕێگرتن لە توندوتیژی. سەرۆك بارزانی جەختی لە بایەخ و گرنگیی دیالۆگ و سەقامگیری و پێكەوەژیان لە سووریای نوێ كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆز تۆماس باراك بە نوێنەرایەتیی ئەمەریكا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەم میوانداری و كۆبوونەوەیە و پشتیوانییە بەردەوامەكانی.

دواتر ئامادەبووان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان هەبوو لەسەر چەند بابەتێك و بۆ هێنانە ئارای سەقامگیری ڕۆشناییان خستەسەر چەند هەنگاوێكی كرداری.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP