هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی دراوسێ کە ئەگەر واشنتۆن دەستێوەردان بکات، بنکەکانی ئەمەریکا دەکرێنە ئامانج، هاوکات دیپلۆماتکاران ئاشکرای دەکەن کە داوا لە بەشێک لە کارمەندانی بنکەی عەدید کراوە شوێنەکانیان جێبهێڵن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی 1ی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، تاران بە وڵاتانی ناوچەکە (لە سعودیە و ئیماراتەوە تا تورکیا)ی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر واشنتۆن هێرش بکاتە سەر ئێران، بنکەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتانە دەکرێنە ئامانج. ئەمەش دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی دەستێوەردانی کردووە بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و ڕایگەیاندووە "یارمەتی لە ڕێگایە".
سێ دیپلۆماتکار بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، ئامۆژگاریی بەشێک لە کارمەندانی سەربازیی بنکەی ئاسمانیی عەدید لە قەتەر کراوە کە تا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بنکەکە جێبهێڵن، دیپلۆماتکارێکیش ئەمەی وەک "گۆڕانکاری لە دۆخی ئامادەباشی" وەسف کردووە نەک کشانەوەی تەواوەتی.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی ئیسرائیلیش، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دەستێوەردانی داوە، هەرچەندە کات و شێوازەکەی هێشتا ڕوون نییە. هاوکات بەرپرسە ئێرانییەکە ئاشکرای کردووە کە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا، بەهۆی گرژییەکانەوە هەڵپەسێردراون.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، گرووپی مافی مرۆڤی (HRANA) کوژرانی 2403 خۆپیشاندەر و 147 چەکداری حکوومەتی پشتڕاست کردووەتەوە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئێرانی دان بە کوژرانی نزیکەی 2000 کەسدا دەنێت.