هەرێم نیوز
ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ لە ئەڵمانیا، فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی بەرلین دەستپێکردووە تاوەکو ڕێگری بکات لە پێشوازیکردن لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، یان لە کاتی گەیشتنی بەو وڵاتە دەستگیری بکات.
بەپێی هەواڵێکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، "کۆمەڵەی گەلانی هەڕەشەلێکراو" (STPI/GfbV) لقی ئەڵمانیا، نامەیەکی فەرمی ئاراستەی حکومەتی وڵاتەکەی کردووە. لە نامەکەدا داوا کراوە ئەو سەردانەی کە بڕیارە ئەحمەد شەرع لە ١٩ی ئەم مانگەدا بۆ ئەڵمانیا ئەنجامی بدات، هەڵبوەشێنرێتەوە. کۆمەڵەکە ئاشکرای کردووە کە ژمارەیەک سکاڵای یاسایی لە داواکاری گشتیی ئەڵمانیا لەسەر شەرع تۆمار کراون و پێویستە بەپێی یاسا دەستگیر بکرێت.
کۆمەڵەی گەلانی هەڕەشەلێکراو کێن؟
ئەم ڕێکخراوە بنکەکەی لە ئەڵمانیایە و خاوەنی پێگەی ڕاوێژکارییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئەوروپا. کارەکانیان تەرخان کراوە بۆ پاراستنی کەمینەکان لە گۆشەگیری و جینۆساید لە سەرانسەری جیهاندا، بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە پێشوازیکردن لە کەسایەتییەک کە تۆمەتبار بێت بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و یاساکانی ئەڵمانیا یەکناگرێتەوە. ئەم جووڵەیەی ڕێکخراوەکە لە کاتێکدایە کە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) هەوڵ دەدات وەک کەسایەتییەکی سیاسیی نوێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خۆی بناسێنێت.