هەرێم نیوز
ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق، لە بەیاننامەیەکی تونددا هۆشداری دا لە هەڵگیرسانی هەر جەنگێک دژی ئێران و ڕایگەیاند، ئەو ئاگرەی دایدەگیرسێنن هەرگیز دانامرکێتەوە.
حەمیداوی لە بەیاننامەکەیدا کە لە کەناڵە فەرمییەکانی گرووپەکە لە (تێلیگرام) بڵاوکراوەتەوە، ڕاستەوخۆ ئاراستەی واشنتن دەڵێت: "جەنگ دژی ئێران گەشت و سەیران نییە، بەڵکو ئاگرێکە ئەگەر هەڵگیرسا دانامرکێتەوە و باجێکی زۆر قورستر لەوە دەدەن کە گەورە چاوچنۆکەکەتان (دۆناڵد ترەمپ) چاوەڕوانی دەکات."
سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرەی "مقاوەمە" لە بەغدا بە ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی ڕاگەیاندووە، کە پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گروپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق هەمان هەڵوێست ڕابگەیەنن. سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە کە حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی تا ئێستا هیچ فشارێکی نەکردووە بۆ ڕێگریکردن لە بەشداریی ئەم گروپانە لە پەرەسەندنەکانی نێوان واشنتن و تاران، چونکە وەک دەڵێت: "هەوڵەکان بێسوودن و بڕیاری بەشداریکردن لە جەنگ دراوە."
ئەم لێدوانە توندانەی حزبوڵای عێراق هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە ناوچەکە و لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر تاران. گروپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەناسێنن، هەمیشە جەختیان کردووەتەوە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەوان بێدەنگ نابن و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج. کشانەوەی سوودانی لە نێوەندگیری، نیشانەی تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی و ئەمنییە لە بەغدا بەرامبەر فشارە دەرەکییەکان.